ئێوارەی ئەمڕۆ 1ی تشرینی یەکەم خەرتۆ ئیسماعیل، ڕابەری ڕۆحیی ئێزدییەکان کۆچی دوایکرد، بەرپرسانی هەرێم بە جیا ماتەمینیان لەسەر ڕوداوەکە ڕاگەیاند.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕاشیگەیاندووە، “جەنابی بابه شێخ کەسایەتییەکی دیار و خاوەن پێگەیەکی گرنگ بوو لە هەرێمی کوردستان و جیهاندا، ڕۆڵێکی بەرچاویشی لە پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی کوردستاندا هەبوو. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە هەمووان ببەخشێت”.
هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “لە دڵەوە خەمبار و نیگەران بووین بە هەواڵی ژیانئاوایی جەنابی بابەشێخ ڕابەری ڕۆحیی ئێزدیی”.
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە، “بابەشێخ کەسایەتییەکی چاکەخواز و خزمەتگوزار و کۆکەرەوەبوو، ڕۆڵێکی گەورەی دیوه لەیارمەتیدانی ئێزدییەکان بۆ دەربازبوون لە شۆکی جینۆسایدی داعش، هەموو تەمەنی خۆشی بەخشییە ڕێنمایی و ڕابەرایەتیی ئاینیی پەیڕەوانی ئاینی ئێزدی لە سەرانسەری جیھان”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “داوکارین لە خودا لەم ماتەمەدا ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت و ڕەوانی بەڕێزیان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات”.
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی مەرگی بابەشێخ، ڕابەری ڕۆحیی کوردانی ئێزدی سەرەخۆشی لە کەسوکاری و کوردانی ئێزدی دەکات. دەڵێت، هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی کوردانی ئێزدی تەرخانکردووە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “بابەشێخ تەمەنێکی لە خزمەتکردنی ئاینەکەیدا خەرجکردووە و ڕۆڵی کاریگەری هەبوو لە پێکەوەژیانی ئاینی لە ناوچەکەدا”.
ئێوارەی ئەمڕۆ بابەشێخ، کەسایەتیی ناسراوی کوردانی ئێزدی و ڕابەری رۆحیی ئێزدییەکان، لە تەمەنی 87 ساڵیدا بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.