سەفین کانەبی دەستی لە کارکێشایەوە

سەفین
سەفین کانەبی دوای 15 ساڵ وازهێنانی لە پۆستی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ڕاگەیاند

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، سەفین کانەبی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و وتی، ” بڕیارەکە کۆتاییە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە”.

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و دەستلەکارکێشانەوەی خۆیی و سەلام حسێنی سکرتێر و سێ ئەندامی دیکەشی ڕاگەیاند.

لەم بارەیەوە بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ” نزیکەی 17 ساڵە لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کاردەکەین، هەوراز و نشێوی زۆرمان تێپەڕاندووە، زەحمەتمان کێشاوە و شانازیش بە کارەکانمانەوە دەکەین، تاوەکو ئەم ساتە شەش تاوەکو حەوتجار دەستلەکارکێشانەوەمان پێشکەشکردووە، بەڵام قبوڵنەکراوە”.

کانەبی هۆکاری وازهێنانی بە هۆکاری تایبەت وەسفدەکات و دەڵێت، ” کاتێک یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بەجێدەهێڵێن، بڕی 509 ملیۆن دینار لە خەزێنەی یەکێتیەکەدایە، ڕادەستی ئەو کەسانەی دەکەین کە جێگەمان دەگرنەوە”.

سەفین کانەبی، سەرۆکی پێشووی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان

سەرۆکی پێشووی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، کانەبی ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت، ” ڕەنگە بڕوام پێنەکەن، بەڵام بەهۆی کارەکانی تۆپی پێی کوردستانەوە چوار مامم هەیە ماڵی هیچ یەکێکیان نازانم”.

مەبەست لە لێدوانەکانیشی ئەوەبوو، کە بەهۆی کارە وەرزشیەکانەوە لە ژیانی تایبەتیی دابڕاوە و هەر بەم هۆیەشەوە دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە.

سەفین کانەبی لە ساڵی 2006 و سەرەتای بونیادنانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە پۆستی سەرۆکی وەرگرتووە و ماوەی 15 ساڵ لەسەر ئەرکەکەی بەردەوامبووە.

بابەتی پێشتر

پەیامنێرانی بێ سنوور داوایەكی یاسایی دژی بن سەلمان تۆماردەكات

بابەتی دواتر

وەزارەتی پەروەردە ساڵنامەی تاقیكردنەوەكان ڕادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share