بەرپرسێکی ئێرانی لەبارەی قەرەباغەوە هەمان قسەی ئەردۆغان دوبارە دەکاتەوە

ئەمینداری ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، ڕایگەیاند، قەرەباغ نابێت لە دەستی ئەرمەنەکاندا بێت و ئەوان لەگەڵ ئازەرییەکاندا یەک نەتەوەن، بەڵام لە دوو وڵاتدا، ئەمەش هەمان قسەی ئەردۆغان بوو کاتێک شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر قەرەباغ بەردەوام بوو.

ئەمڕۆ 1ی ئازار، کۆنگرەی قەرەباغ-17 لە ئێران بەڕێوەچوو، کە بۆ قسەکردن بوو لەسەر ناکۆکییەکانی سنوری ئێران لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا، لەو کۆنگرەیەدا بەرپرسە ئێرانییەکان پشتگیری تەواوی وڵاتی ئازەربایجانیان کرد لە هەنگاوەکانی ئەم دواییەیدا.

هاوخەمی و پشتگیری ئێران بۆ ئازەربایجان پەیوەستە بە تورکە ئازەرییەکانی نیشتەجێی ئێرانەوە کە زیاتر لە 9 ملیۆنن و لە شارەکانی تەبرێز و ئەردەبیل و بەشێکی ورمێ نیشتەجێن.

موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران ڕایگەیاند، “ئێمە و خەڵکی وڵاتی ئازەربایجان لەڕوی فەرهەنگ و پێکهاتەوە نزیکین و نابێت وەک دراوسێ تەماشای ئازەربایجان بکەین”.

ڕەزایی وتیشی، “بە داخەوە کە دەوڵەتی ئەرمینیا بە بیانوی بەرگریکردن لە ئەرمەنەکانی قەرەباغ هێرشیکردە سەر ئەو ناوچەیە، ئەوەش بە هاندانی کۆمەڵێک وڵات بوو، کەچی لە شەڕەکەدا بە تەنها جێیانهێشت”.

هەرێمی قەرەباغ لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کێشە و ناکۆکی لەسەرە و هەریەک لەو وڵاتانە بە هی خۆیانی دەزانن، بەڵام لە بنەڕەتدا هەرێمەکە لە ساڵی 1920 وە بە زۆرینە کوردی بووە و ناوچەکانی قەرەباغ و لاچین وەک کوردستانی سور ناویان براوە، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئەو ناوچەیەوە بەشێک لە کوردەکان لەناو یەکێتی سۆڤیەتی جاراندا توانەوە و بەشێکیشیان کۆچیان کرد.

بابەتی پێشتر

ملیۆنان بەكارهێنەری ڤی پی ئێن داتاكانیان دزراون

بابەتی دواتر

توێژینەوەیەكی نوێ هۆكاری لەناوچوونی دایناسۆڕەكان یەكلادەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share