پارێزگای سلێمانی پێشنیاری بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندنی بۆ لیژنەی باڵا کردووە

پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئازار ڕایگەیاند کە چەند پێشنیارێک کراوە بۆ داخستنی خوێندنگەکان و ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن بەڵام پارێزگای سلێمانی پێشنیازی بەردەوامی پرۆسەکەی داوە بەلیژنەی باڵای ڕوبەروبوونەوەی کۆرۆنا.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، “هەرچەندە لەلایەن پارێزگا و بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی هەولێرەوە پێشنیازی ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن بۆ لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا کراوە بەڵام ئێمە وەکو پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەردەوامی پرۆسەی خوێندن و کرانەوەی سێکتەرەکانی ژیانداین”.

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، “ئێمە لەگەڵئەوەدا نین کەرەنتین بکرێت جارێکی دیکە و ژیان و بژێوی خەڵک بخرێتە مەترسییەوە، پێشنیازمان ئەوەی سێکتەرەکانی ژیان بە خوێندنگە و پەروەردەوە بە کراوەیی بمێنێتەوە بەڵام ڕێکار و ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بەتەواوی جێبەجێ بکرێت و چاودێرییەکان زیاتر بکرێن”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە دەکرێت نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی چارەسەری کۆرۆنا زیاتر ببوژێنرێنەوە و پەرەیان پێبدرێت تاوەکو بتوانن بەپێی پێویست چارەسەر و خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە نەخۆش بکەن.

لەلایەکی دیکەوە دکتۆر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، “ئەوەی ئێمە زیاتر تێبینیمان لەسەری هەیە ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیار و خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عێراقن کە دێنە هەرێمی کوردستان دەبێت دەروازەکان و خاڵە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان زیاتر ڕێکبخرێنەوە و کۆنترۆڵبکرێن وەک لایەنێکی بنەڕەتی لە کۆنترۆڵ کردنی دۆخەکە”.

سەبارەت بە بوونی حاڵەتەکانی زنجیرەی نوێی کۆرۆنا دکتۆر هێرش سەید سەلیم ڕایگەیاند کە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنای گۆڕاو لە پارێزگای سلێمانی پشتڕاستنەکراوەتەوە.

جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، “ڤاکسینی کۆرۆنا ئەمڕۆ دەگاتە هەرێمی کوردستان و بەپێی پرۆتۆکۆڵە جیهانییەکانی دابەشکردنی ڤاکسینەکە سەرەتا بۆ لەشکری سپی (پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی) دەبێت، دواتر بۆ کەسانی بەساڵاچوو، نەخۆشی درێژخایەن و نەخۆشییە مەترسیدارەکان دەبێت و پاشان دەدرێت بە توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا”.

وتیشی، بەوپێیە دوای پزیشکان لە هەرێمی کوردستان مامۆستایان و خوێندکاران ڤاکسین وەردەگرن و دواتریش هێزە ئەمنییەکان.

بڕیارە 1 ملیۆن و 725 هەزار و 600 ژەمە ڤاکسین بگاتە عێراق و لە کۆی ئەو ژمارەیەش  ڕێژەی %20ی پشکی هەرێمی کوردستانە و پارێزگای سلێمانی وەک گەورەترین پارێزگا لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە 110 هەزار لەو ڤاکسینەی پێدەگات.

بابەتی پێشتر

عەلاوی: عەرەب و ئیسلام بە لاوازترین قۆناغەكانیاندا تێدەپەڕن

بابەتی دواتر

دێوەزمەکەی وڵڤەر.. لە لوتکەوە بۆ خراپترین ئاست !

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share