لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشە موشەکییەکەی نزیک شاری هەولێر ڕاگەیاند و دەڵێت، “هێرشێکی ترسنۆکانە بوو”.
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ 1ی تشرینی یەکەم لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە، “شەوی ڕابردوو ھێرشێکی ترسنۆکانە لەدوورەوە و لەڕێگەی موشەکی لەرزۆکەوە کرایەسەر ھەولێر و خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، ئێمە لە لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لەکاتێکدا ئیدانەی ئەو ھەوڵە نەزۆک و ترسنۆکانە دەکەین، ھاوکات داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێم دەکەین لێکۆڵینەوەی جدی بکەن لەسەر ھێرشەکە و ئەو دەستە ڕەشەش ئاشکرا بکەن كه لەپشتییەوە بووە”.
شەوی ڕابردوو چوارشەممە 30ی ئەیلول، لە کاتژمێر 8:30 بە کاتی هەولێر، شەش موشەک ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کران، لە کاردانەوەی ئەو هێرشانەشدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “حکومەتی هەرێم لێبوردە نابێت بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان و وەڵامی تووندی دەبێت”.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی ئاشکرایکردووە، دوو کەس بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە هێرشە موشەکییەکانی شەوی ڕابردووی دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکراون و یەکێک لەوانەش بەرپرسێکی حەشدی شەعبییە.