ساڵێك بەسەریدا تێدەپەڕێت.. ئاماری قوربانییانی خۆپیشاندانەكانی عێراق ئاشكراكرا

دیمەنێك لە خۆپیشاندانەكانی بەغداد

دامەزراوەی شەهیدانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، ئاماری قوربانیانی “خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەر” و دواتر گەیشتووەتە نزیكەی 2 هەزار كوژراو و بریندار و ڕفێندراو.

ساڵێك بەسەر دەستپێكی خۆپیشاندانەكانی عێراق كە بووە هۆی گۆڕینی حكومەت و پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ تێدەپەڕێت، خۆپیشاندانەكان سەدان قوربانییان لێكەوتەوە، بەڵام تائێستا ئامارێكی ورد لەو بارەیەوە بڵاونەكرابووەوە.

تاریق مەندەلاوی، بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی قوربانییانی تیرۆر و پڕۆسە سەربازییەكانی سەر بە دامەزراوەی شەهیدان ڕایگەیاند، فەرمانگەكەیان لە مانگی ئابی ڕابردوو فۆڕمێكی ئەلیكترۆنیی تایبەت بە پێشكەشكردنی مامەڵەی قوربانییانی خۆپیشاندانەكان لە سەرتاسەری وڵات بڵاوكردەوە.

ئەو بەرپرسە وتیشی، “ئاماری مامەڵەكانی قوربانییانی خۆپیشاندانەكان لە سەرتاسەری وڵات لەوانەی فۆڕمی ئەلیكترۆنییان پڕكردووەتەوە گەیشتووەتە هەزار و 963 مامەڵە لە شەهید و بریندار و ڕفێندراو و بێسەروشوێن”.

مەندەلاوی ئاشكراشیكردووە، “فەرمانگەكەیان تائێستا توانیویەتی 50%ی مامەڵەی شەهیدانی خۆپیشاندانەكان تەواو بكات كە پێشكەشیان كراوە”.

بەڕێوبەرە گشتییەكە ئەوەشی خستەڕوو، تۆمارێكی زانیاری بە ناوی قوربانییان ئامادەكراوە بۆ پشتبەستن پێی لە پێدانی شایستە داراییەكان بەوانەی بەپێی یاسا دەیانگرێتەوە.

دەربارەی قوربانییانی ئێزدیش ئاشكرایكرد كە فەرمانگەكەیان تەنها 62 بەڵگەنامەی مردنی بۆ ئەوانە دەركردووە كە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا دۆزراونەتەوە بۆ ڕایی كردنی مامەڵەكانیان، بەهۆی ئەوەی تائێستا هیچ قەرەبوویەكیان وەرنەگرتووە و دەربارەی هۆكارەكەشی وتی “بەهۆی ئاوارەبوونی زۆریان و بوونیان لە دەرەوەی وڵات یان لە خێوەتگاكانی كوردستان”.

خۆپیشاندانەكانی عێراق لە ڕۆژی یەكی ئۆكتۆبەری ساڵی 2019 دەستیانپێكرد و زۆرینەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووریان گرتەوە، بەڵام چەقی خۆپیشاندانەكان لە بەغداد بوو، بەدوای ئەویشدا بابل، كەربەلا، نەجەف، بەسڕە و زیقار دەهاتن.

هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە، توندوتیژییەكی زۆر ئاوێتەی ڕوداوەكان كران و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا دەیان كەس كوژران و برینداربوون و لەگەڵ بەردەوامیدا ژمارەكە بەرەو سەدان ڕۆیشت.

خۆپیشاندەرانی ئۆكتۆبەری ڕابردووی عێراق كە خۆیان بە “شۆڕشی ئۆكتۆبەر” ناوزەندی دەكەن، توانییان سەرباری زەبروزەنگ و توندوتیژی، ماوەی چەندین مانگ لەسەر شەقامەكان درێژە بە ناڕەزایەتییەكانیان بدەن، تا ئەوكاتەی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، زۆربەیانی ناچاركرد بچنەوە ماڵەكانیان.

ئێستاش لەكاتێكدا ساڵێك بەسەر خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەردا تێدەپەڕێت، هەزاران خۆپیشاندەر لە نزیك دەروازەكانی ناوچەی سەوزی بەغداد بەردەوامن لە خۆپیشاندان و داوای دامەزراندن و دەستەبەركردنی هەلی كار دەكەن، زیاتر لەو ژمارەیەش، بانگەشەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی هاوشێوەی ئەوەی ئۆكتۆبەری ڕابردوو دەكەن.

بابەتی پێشتر

موشەکێکی شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ئێران کەوتەخوارەوە

بابەتی دواتر

پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مالكی وەڵامی سەدر دەداتەوە

نوری مالكی وەڵامی وتارەكەی موقتەدا سەدر دەداتەوە و دەڵێت، گفتوگۆی جددی بە ڕێزگرتن لە دەستوور دەستپێدەكات. نوری مالكی…
Total
0
Share