وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لێكۆڵینەوە لەو هێرشەی ئێوارەی دوێنێ كرایەسەر پەرلەمانتار غالب محەمەد بەردەوامە و دەربارەی ژمارەی ئەنجامدەرانی پەلامارەكەش ڕونیدەكاتەوە، “ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆكاندا دەردەكەوێت و لە وتەی دكتۆر غالب وەرگیراوە یەك كەسە، بەڵام ڕەنگە هاوكاری هەبێت”.
سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 27ی شوبات بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە و كامێرا چاودێرییەكان هەڵگیراونەتەوە و خودی دكتۆر غالب سكاڵای كردووە و دەڵێت ئەگەر كەسەكە ببینم دەیناسمەوە”.
وتیشی، “لەڕێی كامێرا چاودێرییەكانەوە هەوڵمانداوە بگەینە تۆمەتبارەكە و دادوەریش فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردووە و چاوەڕوانین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستگیربكرێت”.
دەربارەی ئەوەی ئایا كەسێك یان زیاتر بەشداربووە لە هێرشەكەدا، سەركەوت ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو، ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆكاندا دەردەكەوێت و لە وتەی دكتۆر غالب وەرگیراوە یەك كەسە، بەڵام ڕەنگە هاوكاری هەبێت وەك ئەوە شۆفێرێك بیگەیەنێت، بەڵام ئەم پرسە دوای دەستگیركردن و دانپیادانانی تۆمەتبار دەردەكەوێت.
سەبارەت بەو وێنەیەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا وەك تۆمەتبار هێرشەكە بڵاوكراوەتەوە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی، وەكو پۆلیس بەدواداچوونمان كردووە و گرتەشمان دەستكەوتووە كە چۆن دەڕوات و چی دەكات، بەڵام دڵنیانین لەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و سەد لەسەد باوەڕپێكراو نییە و، ڕەنگە بۆ شێواندنی لێكۆڵینەوە بێت.
ئێوارەی دوێنێ لە شاری سلێمانی بە چەقۆ هێرشكرایە سەر غالب محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و لە چەند ناوچەیەكی سەریدا برینداركرا.
هێرشەكە بە چەقۆ و بۆكس خەنجەر ئەنجامدران و پاش چارەسەركردنیشی لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، پەرلەمانتارەكە ڕەوانەی ماڵەوە كرایەوە.
دوابەدوای ڕوداوەكە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وتی، “هێرشبەران ڕوبەڕووی یاسا دەكەینەوە و ئەم كارە ترسنۆكانە لە هیچ كەسێك قبوڵناكەین”.