بایدن بە پێویستی زانی، مێزگردەكەی نێوان خۆی و ترەمپی ڕكابەری هەڵوەشێندرێتەوە كە بڕیارە لە 15ی تشرینی یەكەم بەڕێوەبچێت.
جۆ بایدن، كاندیدی دیموكارتەكان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمریكا سێشەممە 6ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، “پێویستە ئەو مێزگردەی بڕیارە لەگەڵ ترەمپ لە 15ی تشرینی یەكەم بەڕێوەبچێت، هەڵوەشێندرێتەوە”.
سەبارەت بە هۆكاری داواكەی ئاشكرایكردووە، “ئەگەر ترەمپ هێشتا هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت، پێویستە ئەو كارە نەكەین”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “دڵنیا نیم بارودۆخی تەندروستیی ترەمپ چۆنە و چی دەگوزەرێت لە چواردەوری، تەنها هیوادارم پابەندی پرۆتۆكۆلەكان بین”.
پاش چوار ڕۆژ لە مانەوەی لە نەخۆشخانەی سەربازیی واڵتەر ڕید، ترەمپ گەڕایەوە كۆشكی سپی، لەگەڵ گەیشتنەوەی بە كۆشكی سپی ڕایگەیاند، “هەست بە تەندروستییەكی زۆرباش دەكەم، خۆم ئامادە دەكەم بۆ مێزگردەكەی میامی، زۆر سەرسوڕهێنەرە”.