منداڵێكی ڕفێندراوی دەستی داعش بە كەسوكاری شادبووەوە

دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر ڕفاندنیدا لەلایەن داعشەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەكەم منداڵێکی ئێزدی بە کەسوکارەکەی شادبووەوە.

حسێن قائیدی، بەرپرسی نوسینگەی ڕفێندراوانی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، منداڵێکی ئێزدی بەناوی (سۆنیا خەلیل بەشار) تەمەن 10 ساڵ، كە لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندرابوو، بە کەسوکارەکەی شادبووەوە.

منداڵەكە بۆ ماوەیەك لە خانەی بێسەرپەرشتانی موسڵ بووە، قائیدی وتی، “دوای ئەوەی دایکی منداڵەكە، كە لە وڵاتی كەنەدا نیشتەجێیە، ئاگاداركرایەوە، گەیشتە لای کچەکەی و ئێستا هەردووکیان بەمەبەستی پشكنینی DNA براونەتە شاری بەغداد”.

ئەوەشی وت، دوا دەركەوتنی ئەنجامی پشکنینەکان، منداڵەكە دەتوانێت ژیانی ئاسایی لەگەڵ خێزانەكەیدا دەستپێبكاتەوە.

بەپێی ئاماری نوسینگەی ڕفێندراوانی دەستی داعش، لە ساڵی 2014 پاش پەلاماری چەكدارانی داعش بۆ سەر قەزای شەنگال و دەوروبەری، 6 هەزار و 417 کچ و ژن و منداڵی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی گروپەكەوە ڕفێندراون، لەو ژمارەیە تا ئێستا 3 هەزار و 536 کەسیان ڕزگارکراون و ئەوانی دیكەیان چارەنوسیان نادیارە.

بابەتی پێشتر

لە خۆپیشاندانەكەی كەربەلا دا زیاتر لە 100 كەس برینداربوون

بابەتی دواتر

بایدن لە ترەمپ دەترسێت كە تووشی كۆرۆنای بكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share