ئەندامێكی شاندی هەرێم: بەردەوام دەبین لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی یاسای بودجە

ئەندامانی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغداد

ئەندامێكی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغداد جەختدەكاتەوە حكومەتی بەغداد بڕیاریداوە لەسەر ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم و دەشڵێت، بەردەوام دەبین لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی دیكەی یاسای بودجە.

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ بەغداد و ئەندامی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغداد ڕایگەیاند، “خۆشحاڵ بووین دوای ڕێکەوتن لەسەر یاسای بودجە و پاش هەوڵ و گفتوگۆکانی تیمی دانوستانی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی برای بەڕێزمان کاک قوباد تاڵەبانی لەپێناو جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاساکە و، هەنگاونانی عەمەلی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونە یاساییەکانی، ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریدا مانگانە بڕى 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و لە 2021/1/1ەوە هەژماربکرێت”.

خالید شوانی، لە پەیجی خۆی نوسیویشیەتی، “هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی کۆی کێشەکان و مایەى خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان”.

ڕونیشیدەكاتەوە، تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم دەستیان بەوردبینی لە داهاتە نانەوتیە فیدراڵییەکان کردووە، لە ماوەیەکی نزیکدا ڕاپۆرتی هاوبەشیان ئامادەدەبێت و، بەردەوام دەبین لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی دیكەی یاسای بودجە.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ڕێبوار كەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی هیوا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە بە خەرجكردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، دوای وردبینیكردنی داتا و ئامارەكانی نەوت و داهاتی نانەوتی.

وتیشی، “پارەكە لە مانگی كانونی یەكەمەوە خەرجدەكرێت، مەرجەكەشی ئەوەیە پاش پێداچوونەوە بێت بە داتا و ئامارەكان و تەنها بۆ موچە خەرجبكرێت”.

پرسەكە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری لەسەر دراوە، هاتنی شاندەكانی چاودێری دارایی و بانكی (TBI) بۆ هەرێم و وەرگرتنی داتا و زانیارییەكان ڕۆڵی لە دەركردنیدا هەبووە، وەك ئەوەی پەرلەمانتارە كوردەكە ئاماژەی پێدا.

ئاشكراشیكرد، هەرێم هەندێك لە داتاكانی ناردووە بۆ بەغداد و هەندێكی ماوە، جێبەجێكردنی بڕیارەكە دوای ناردنی سەرجەم داتاكان و وردبینیكردنی دەبێت.

پێشتریش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆمان دەربارەی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ ڕاستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کرد.

مەسرور بارزانی لە تویتێكدا وتیشی، “خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت بە (أثر رجعي)”.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت، سوپاسی سەرۆک وەزیرانم کرد بۆ سەرکردایەتییەکەی و هەروەها سوپاسی حکومەتی فیدراڵیم کرد بۆ پشتیوانیکردنی ڕێککەوتنەکە.

دوپاتیشیدەكاتەوە، “ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە و بە یەکەوە بەسەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بووین”.

بابەتی پێشتر

هاوسەرۆکانی یەكێتی: هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ کورد پرۆسەیەکی چارەنوسسازە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) فەرەنسا بە گۆلێکی هەڵە لە ئەڵمانیای بردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی: پێویستە دانووستانەكان بکرێتە بنەما بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی چەقبەستووی پێکھێنانی حکومەت

قوباد تاڵەبانی لەمیانەی پێشوازیكردنی لە باڵیۆزی فەرەنسا ڕایگەیاند، پێویستە گفتوگۆ و دانووستان بکرێتە بنەما بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی چەقبەستووی…
زیاتر ببینە

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی: گەشتەكانی فڕۆكەخانە ئاساییبوونەوە

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانە ئاساییبوونەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تێیدا هاتووە، بەهۆی خراپیی…
Total
0
Share