مەسرور بارزانی: ئەو لایەنەمان ئاشكرا كردووە كە بەرپرسیارە لە هێرشە موشەكییەكانی سەر هەولێر

لە كاتی كردنەوەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر، مەسرور بارزانی وتی، بەردەوام دەبن لە جێبەجێ گەیاندنی پرۆژەكان و ئاشكراشیكرد، “پابەندن بە دانەوەی قەرزەكانی وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكان”.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی كردنەوەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر وتی، “هەرچەندە حكومەتی هەرێم تووشی قەیران بووە و نەمانتوانیوە تەمویلی بەشێكی پرۆژەكان بكەین، بەڵام بەشێك لە پرۆژەكان لەسەر ئەركی كۆمپانیاكان جێبەجێ كراون”.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم سوپاسی كۆمپانیای جێبەجێكاری شەقامی 150 مەتریی هەولێر و ئەو كۆمپانیایانەی دیكەی كرد كە هاوكار بوونە لە بەجێگەیاندنی پرۆژەكان لەسەر ئەركی خۆیان و وتی، “حكومەتی هەرێم پابەندە بە دانەوەی سەرجەم شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكان”.

داواشی لە شۆفێران كرد پابەندی ڕێنماییەكانی هاتوچۆ ببن و ڕایگەیاند، “ئەم شەقامە، شەقامێكی جوان و ڕێكوپێكە، بۆیە داوا لە شۆفێران دەكەم بە باشترین شێوە ئەم شەقامە و شەقامەكانی تری كوردستان بەكاربهێنن، چونكە خێرا لێخوڕین هەندێك جار ڕەنگە كارەساتی لێبكەوێتەوە”.

“ڕوبەڕووی چەندین قەیران و گرفت بووینەتەوە، هەندێكیان سروشتین وەك پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و هەرەسهێنانی ئابوریی جیهانی، بەڵام ئێمە هەر بەردەوام دەبین لە ئەركەكانی خۆمان بۆ جێبەجێكردنی چاكسازی و بەرنامەی حكومەت”، مەسرور بارزانی وای وت.

وتیشی، “هەوڵی دیكەش هەبووە بۆ ئەوەی ڕێگری دروست بكەن بۆ بەرنامە چاكسازییەكانی حكومەت، ناحەزان چاویان بە هەرێمی كوردستان هەڵنەهاتووە، ئەو هەوڵانەی دران بۆ نەهێشتنی متمانە سوپاس بۆ خوا سەریان نەگرت، هیچ قەیرانێك ڕامان ناگرێت بۆ چاكسازی و ئاوەدانی و پێشخستنی كوردستان”.

لە تەوەرێكی دیكەی قسەكانیدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكرد، “چەند ڕۆژێك پێش ئێستا فڕۆكەخانەی هەولێر و شاری هەولێر بووە ئامانجی دەستی تیرۆر هەر لەو ڕۆژەوە دەزگاكانی هێمنایەتی و ئاسایش و هەموو ئەو لایەنە بەرپرسانەی لە هەرێمی كوردستان ئەركیان لەسەرشانە، كەوتنە خۆیان و پەلەیان كرد بۆ ئەوەی تاوانباران دەستنیشان بكەن، سەرەداوی باشیان كەوتەدەست و ڕۆژ بە ڕۆژ زانیاری لەسەر ئەو لایەنەی لە پشت ئەم كردەوە تیرۆریستییەوە بوو كۆكرانەوە”.

ئاشكراشیكرد، “ڕایدەگەیەنم دەستكەوتی باشیان هەبووە و ئەنجامی زۆر باشیان هەبووە، زانیارییەكان دراون بە هاوپەیمانان و سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەو لێكۆڵینەوە”.

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستەڕوو، “نامەوێت هەموو بابەتەكان بە ڕاشكاوی باس بكەم، بەڵام ڕایدەگەیەنم كە سوپاس بۆ خوا توانیومانە ئەو لایەنە دەستنیشان بكەین كە هێرشەكەی ئەنجامداوە”.

لەكۆتایی قسەكانیدا سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هاوڵاتییان ئاگادار كردەوە كە پابەندنی ڕێنماییەكانی تەندروستی بن بۆ ئەوەی پارێزراو بن لە كۆرۆنا نوێكە.

بابەتی پێشتر

زانایانی ئاووهەوا باس لە نیشانەكانی هاتنی چەرخی بەستەڵەكی سنووردار دەكەن

بابەتی دواتر

چامپیۆنزلیگ گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ڕەنگە یاری کۆتایی لە نیویۆرک بکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share