(ڤیدیۆ) سیتی مونشنگلادباخی خنکاند و ڕیاڵ ئەسپە ڕەشەکەی ئیتاڵیای ڕاگرتەوە

ڕیاڵ مەدرید و مانچستەر سیتی یاری چوونی قۆناغی 16یان بردەوە

ئەمشەو، چوارشەممە لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی چوونی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ، مانچستەر سیتی و ڕیاڵ مەدرید سەرکەوتنی گرنگیان بەرانبەر بوروسیا مونشنگلادباخ و ئاتالانتا بێرگامۆ تۆمارکرد.

لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی گرنگدا یانەی بوروسیا مونشنگلادباخ لە پوشکاش ئارینا میوانداری مانچستەر سیتی ئینگلیزی کرد، یارییەکە بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام لە بەرژەوەندی زەبەلاحە ئینگلیزیەکە کۆتاییهات.

گۆڵەکانی سیتیزن لە خولەکەکانی 29 و 65 لەلایەن بێرناردۆ سیلڤا و گابریێل جیزوسەوە تۆمارکران.

لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی دیکەدا یانەی ئاتالانتا بێرگامۆی ئیتاڵی لە یاریگای خۆیدا میوانداری ڕیاڵ مەدریدی کرد و ئیسپانیەکان بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام بردنەوەیان تۆمارکرد.

سەرەڕای ئەوەی لە خولەکی 17وە ڕیمۆ فریولەری یاریزانی ئاتالانتا بەکارتی سوور لە یاریگا کرایە دەرەوە، بەڵام ئەستێرە یەدەگەکانی مێرەنگی تاوەکو کۆتا ساتەکان سەرکەوتوو نەبوون لە تۆمارکردنی گۆڵ، لە خولەکی 86 فێرلاند مێندی بەرگریکاری فەرەنسی بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد و یارییەکەش هەر بەو ئەنجامە کۆتاییهات (0-1).

بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکان، یانەی مانچستەر سیتی هەنگاوێک لە قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا نزیکبووەوە، بەوپێیەی گەڕانەوەی مونشنگلادباخ لە یاریگای ئیتیحاد بە ئەنجامی دوو گۆڵ و زیاتر نزیکی ئاستەمە، لەلایەکی دیکەوە یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و ئاتالانتا جەنگی یەکلاییکردنەوەی براوەی نێوانیان بۆ یاری گەڕانەوە لە دی ستیفانۆ ستادیەم دوادەخەن و شاهانەکان بە ئەنجامەکانی یەکسانبوون و بردنەوە سەرکەوتن مسۆگەردەکەن.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا.. هاوژینی "ئیمپراتۆرمان" دەستگیركرد

بابەتی دواتر

ئێشكگری كەناراوەكانی توركیا 9 كۆچبەر لە خنكان ڕزگاردەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share