جوتیار عادل: دڵنیاین لەگەڵ بەغداد دەگەینە ڕێككەوتن

جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان

وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت، گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغداد لە كەشێكی ئیجابیدا بەڕێوەدەچێت و وتیشی، “ئومێدوایە و دڵنیاشین بگەینە ڕێكەوتن”.

جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ 24ی شوبات لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا بەشێك لە ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم-ی بڵاوكردەوە و وتی، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكانی شاندی هەرێم لە بەغداد و ئەنجامەكانی تائێستای تاوتوێكرا.

وتیشی، ئامادەكارییەكان بۆ بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021 لەلایەن وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانانەوە بەردەوامە و پێشبینی دەكەین لە نزیكترین ماوەدا و كەمتر لە 10 ڕۆژی دیكە تەواو بێت و، بنێردرێت بۆ پەرلەمان.

هەر دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆكانی شاندی هەرێم لە بەغداد و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێراندا جوتیار عادل وتی، “پرۆسەی پەسەندكردنی بودجە بەردەوامە، كۆمەلێك پێشنیار و بیرۆكە هەن و وەكو حكومەتی هەرێم سەرجەم ئیلتزامەكان بەپێی دەستور پێی قایل بووین و ئومێدوایە و دڵنیاشین بگەینە ڕێكەوتن، لەئێستادا كەشێكی ئیجابی لەئارادایە”.

وتیشی، “بودجەكە بودجەی هەموو عێراقە، بڕوامان وایە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە ماف و ئیلتزامی هەردوولا دەستبەربكات، ئێمە ئامادەیمان نیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی، لە بەرامبەردا پێویستە مافەكانی خەڵكی كوردستان بدرێت” دوپاتیشیكردەوە، پرسی بودجە تەنها موچە نییە، بەڵكو بوژاندنەوەی كەرتەكانە و حكومەتی هەرێم ئامانجیەتی هەلی كار بڕەخسێنێت بۆ گەنجان.

دەربارەی وادەی سەردانكردنەوەی شاندی باڵای هەرێمیش بۆ بەغداد، وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتی، گفتوگۆكان نەوەستاوە و هەر كاتێك پێویست بێت شاندی هەرێم سەردانی بەغداد دەكاتەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا پرۆژەیاسای وەزارەتی كارەبا خرایەڕوو و لەو بارەیەوە جوتیار عادل وتی، گۆڕانگاری بەسەر كاری وەزارەتەكەدا هاتووە و پێویستی بە ڕێكخستنەوەیە، پرۆژەیاساكە بۆ ئەو مەبەستەیە و بەمنزیكانە دەنێردرێت بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكرد.

 

بابەتی پێشتر

وادەی گەڕانەوەی ڕامۆس بۆ پێکهاتەی ڕیاڵ ئاشکراکرا

بابەتی دواتر

گەوهەرەکەی بایرن ئەو هەڵبژاردەیەی دیاریکرد کە یاری بۆ دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share