وەزارەتی دەرەوە: هێرشەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر هەرێم سەرپێچیی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانە

هێرشێكی پێشووی ئێران بۆ سەر هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، هێرشەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان سەرپێچیكردنە لە پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەكان.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، كۆماری عێراق بە تەواوی بۆردومانەكانی ئێران بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەك بۆ سەر هەرێمی كوردستان رەتدەكاتەوە و بە توندی ئیدانەی دەكات.

دەشڵێت، “هێرشە چەندبارەبووەكان كە هێزەكانی ئێران و توركیا ئەنجامیاندەدەن بە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆسەر هەرێمی كوردستان، پێشێلی سەروەریی عێراقە، كارێكە سەرپێچیی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەكانە كە پەیوەندی نێوان وڵاتان رێكدەخات، هەروەك پێچەوانەی بنەمای دراوسێیەتی باشە”.

حكومەتی عێراق دووپاتیشیدەكاتەوە كە خاكی عێراق نەكرێتە بارەگا یان رێڕەوی زیانگەیاندن بە هیچ وڵاتێكی دراوسێ، هەروەك رەتیشیدەكاتەوە عێراق بكرێتە گۆڕەپانی ململانێ و یەكلاكردنەوەی ناكۆكی لایەنە دەرەكییەكان، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

لە دوو رۆژی رابردوودا هێرشی هێزەكانی توركیا و ئێران بۆسەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەستیانپێكردەوە.

دوای هێرشەكانی ئێران بۆ سەر بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەولێر، كۆیە و زڕگوێز، ناسڕ کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، “ئێران هەوڵدەدات ئاسایشی خۆی بپارێزێت و هەڕەشەکان دووربخاتەوە”.

كەنعانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتیشی، “ئێران هەوڵدەدات حکومەتی عێراق دەسەڵاتی خۆی لە سنوورەکانی بسەپێنێت و تاران ناچارنەبێت بۆ بەرگریكردن لە خۆی، پەنا بۆ رێکاری دیکە ببات”.

بابەتی پێشتر

خوێندنی باڵا: 107 دەرچووی دیكە لە كۆلێجە پزیشكییەكانی زانكۆكان وەرگیران

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی سەروەریی عێراق كۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share