ڕاداری ئێستا.. زێدان بەرانبەر ئاتالانتا لەم ژمارانە دەترسێت

داتای هێرشبەرانی یەدەگی ڕیاڵ مەدرید بەرانبەر یانە ڕکابەران زۆر لاوازە

پێکهاتەی زینەدین زێدانی فەرەنسی ئەمڕۆ، چوارشەممە خۆی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی یانەی ئاتالانتا لە جیویس ستادیەم ئامادە دەکات.

لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی چوونی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ئاتالانتا بێرگامۆی ناسراو بە ئەسپی ڕەشی ئیتاڵیا میوانداری یانەی شاهانەی مەدرید دەکات، لەم یارییە بەهێزەشدا بەهۆی پێکانەوە زێدان لە تواناکانی کەریم بنزیمە بێبەش دەبێت کە گۆڵکاری پێکهاتەکەیە بە تۆمارکردنی 12 گۆڵ لە خولی ئیسپانیا و چوار گۆڵ لە چامپیەنزلیگ.

جگە لە بنزیمە، هەریەک لە ڕامۆس، هازارد، ڤاڵڤێردی، مارسێلۆ، ڕۆدریگۆ، ئیدێر میلیتاو لەبەر هەمان هۆکار (پێکان) بەشداری ناکەن.

ژمارەی تۆقێنەر

چاوەڕواندەکرێت زێدان بەرانبەر ئاتالانتا لە هێڵی هێرشبەریی مارکۆ ئاسینسیۆ و ڤینیسیۆز جونیۆر و ماریانۆ کۆبکاتەوە.

ئەوەی سەیرە، سیانەی ناوبراو لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەم وەرزە تەنها یەک گۆڵیان تۆمارکردووە، ئەوش تاکە گۆڵێکی ڤینیسیۆزە بەرانبەر شاختار لە تشرینی یەکەمی 2020 لە یاریگای دی ستیفانۆ.

هەریەک لە هێرشبەرانی زێدان (ئاسینسیۆ، ڤینیسیۆز، ماریانۆ) لەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکان لە دەرەوەی یاریگای خۆیاندا گۆڵیان تۆمارنەکردووە، بە هەرسێکیان لە خولی ئیسپانیا پێنج گۆڵیان تۆمارکردووە، دووان بۆ ڤینی و دووان بۆ ئاسینسیۆ و گۆڵێک بۆ ماریانۆ.

ڕێژەی گۆڵی پێکهاتەی گاسپرینی

جیانپیێرۆ گاسپرینی ڕاهێنەری یانەی ئاتالانتا بەرانبەر ڕیاڵ مەدرید لەسەر شێوازە هێرشبەرییەکەی بەردەوام دەبێت، چونکە ئیتاڵیەکان پێیان وایە ڕیاڵی شاهانە لە دۆخێکی خراپدایە و دەرفەتەکە گونجاوە بۆ لێدانی گورزێکی جەرگبڕ، بۆ ئەم مەبەستەش یاری بە دوڤان زاپاتا و لویس موریێل و ڕۆبین گوسێنز دەکەن لە هێڵی هێرشبەری.

لویس موریێل لەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا بە تەنها 14 گۆڵی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا سێ هێرشبەرەکەی ڕیاڵ تەنها پێنج گۆڵیان تۆمارکردووە.

لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا سیانەی هێرشبەری بێرگامۆ شەش گۆڵیان تۆمارکردووە (گوسێنز گۆڵێک، موریێل دوو گۆڵ و زاپاتا سێ گۆڵ)، بەرانبەر گۆڵێک بۆ هێرشبەرە یەدەگەکانی شاهانە.

لەسەر ئاستی خولی ناوخۆی ئیتاڵیا، زاپاتا نۆ گۆڵ، موریێل 14 گۆڵ، گوسێنز حەوت گۆڵیان تۆمارکردووە، واتا 30 گۆڵی هێرشبەرانی ئاتالانتا بەرانبەر بە پێنج گۆڵ بۆ مەدریدیەکان.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

بابەتی دواتر

فەرەنسا بووەتە کابوسی یانەی بەرشلۆنە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share