ئەمڕۆ جەمسەرێکی دیکەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ یەکلاییدەبێتەوە

ئەمڕۆ، چوارشەممە یاری گەڕانەوەی قۆناغی نیوەی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان لەنێوان یانەکانی چێڵسی و ڕیاڵ مەدرید ئەنجامدەدرێت.

چێڵسی تۆماس توخێل کاتژمێر (10:00) بەکاتی هەرێمی کوردستان لە یاریگای ستامفۆرد بریج میوانداری یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی دەکات، لەم ڕوبەڕووبوونەوەیەدا یانە ئیسپانییەکە بەلایەنی کەمەوە پێویستیان بە بردنەوە دەبێت بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە بەرامبەردا بلوزی لەندەن پێویستیان بە یەکسانبوونێک دەبێت بەبێ گۆڵ.

پێکانەکان

یانەی چێڵسی ئینگلیزی لە باشترین دۆخیدایە و جگە لە ماتیۆ کۆڤاسیچ هیچ یاریزانێکیان لە سوڕی پێکاندا نییە، بەڵام لە ڕیزەکانی یانەی شاهانە هەریەکە لە دانی کارڤاخال و لوکاس ڤاسکێز و ڕافائێل ڤاران بەهۆی پێکانەوە ناتوانن بەشداریبکەن، فێرلاند مێندی و مارسێلۆ و فیدریکۆ ڤاڵڤێردی قۆناغەکانی چارەسەربوونیان لە پێکان تێپەڕاندووە و گومان لە بەشداریکردنیان هەیە لە پێکهاتەی سەرەکیدا.

ئەگەرەکان

کام یانە و بە کام ئەنجام سەردەکەوێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرینەی هەوادارانی دوو یانەکە لە خۆیانی دەکەن.

بەپێی ئەنجامی یاریی چوون (1-1) کە بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە، یانەی چێڵسی بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ و هەر ئەنجامێکی بردنەوە گەیشتن بۆ یاری کۆتایی مسۆگەردەکات.

یانەی ڕیاڵ مەدرید بەهۆی ئەوەی لە یاریگای خۆیدا گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە چانسی کەمترە، بنزیمە و هاوەڵانی بەلایەنی کەمەوە پێویستیان بە تۆمارکردنی گۆڵێک دەبێت بەو مەرجەی چێڵسی لە تۆمارکردنی گۆڵدا سەرکەوتوو نەبێت، واتا بە گشتی بردنەوە بۆ گەیشتن بە فاینەڵ دەبێتە فریادڕەس.

پێکهاتە چاوەڕوانکراوەکان

چێڵسی (3-4-2-1): مێندی، کریستنسن، تیاگۆ سیلڤا، ڕودیگێر، ئازپیلیکوێتا، جۆرجینیۆ، کانتی، بین چیلویڵ، ماسۆن ماونت، کای هاڤێرتز.

ڕیاڵ مەدرید (4-3-3): کۆرتوا، مارسێلۆ، میلیتاو، ڕامۆس، ڤاڵڤێردی، کرۆس، کاسیمێرۆ، مۆدریچ، ڤینیسیۆز، بنزیمە، ئاسینسیۆ.

کەناڵەکانی پەخش و ناوبژیوانان

کەناڵەکانی تۆڕی بی ئین سپۆرتس (بی ئین 4K و بی ئین سپۆرتس پریمەم 1) و تۆڕی سکای و چەندین کەناڵی بیانیی دیکە یارییەکە پەخشدەکەن.

یارییەکە لەلایەن دانیێلی ئۆرساتۆی ناوبژیوانی ئیتاڵی و ستافێک لە ناوبژیوانانی وڵاتی ئیتاڵیاوە سەرپەرشتی دەکرێت.

بابەتی پێشتر

نرخی دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

بابەتی دواتر

بایرن میونشن ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی ئالابا نادات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share