نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا لەسەر كوشتنی خۆپیشاندەران لە پارێزگایەكی عێراق هاتەدەنگ و دەڵێت، سەركۆنەی كوشتنی خۆپیشاندەران دەكەین.
نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ سێشەممە 23ی شوبات، ڕایگەیاندووە، “بە توندیی سەركۆنەی توندوتیژییەكانی ئەمدواییانەی زیقار دەكەین، جارێكی دیكە داوا لە دەسەڵاتداران دەكەین سنوورێك دابنێن بۆ دەربازبوون لە سزا”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “پێویستە بەرپرسانی ئەو هێرشە ڕادەستی دادگا بكرێن. چارەسەری هێمن و ئاشتییانەی ناكۆكییەكان، تاكە ڕێگەچارەی بەرەوپێشچوونن.”
دوێنێ دووشەممە 22ی شوبات، خۆپیشاندان لە ناسڕییە بەڕێوەچوو و توندوتیژی تێكەوت، بەو هۆیەوە خۆپیشاندەرێك كوژرا و 18ی تر برینداربوون، 12 كارمەندی هێزە ئەمنییەكانیش برینداربوون.