پارێزگاری سلێمانی لەسەر ئەو بودجەیەی حكومەت تەرخانیكرد ڕونكردنەوە دەدات

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە كۆی ئەو 349 ملیارەی لەلایەن حكومەتەوە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان تەرخانكرا زیاتر لە 114 ملیاری بۆ پارێزگای سلێمانی دەبێت و دەشڵێت، لەگەڵ قایمقامەكان ئەولەویەتی پڕۆژەكان دیاریدەكەن، لەگەڵ تەواوكردنی ئەو پرۆژانە بەتەواونەكراوی ماونەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 23ی شوبات لە كۆبوونەوەیەكی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگارەكانی هەرێمدا بڕیاردرا بڕی 349 ملیار و 702 ملیۆن دینار بەمەبەستی تەواوكردنی پرۆژەی پارێزگاكان و لە چوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاكاندا خەرجبكرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، كە یەكێك بوو لە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، پێشتر حكومەتی هەرێم بەهۆی ئەو قەیرانەی لە پاش شەڕی داعش و دواتریش قەیرانی ئابورییەوە توشی هات پرۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی لە ساڵی 2014ەوە ڕاگرت.

وتیشی، “بەڵام ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لەسەر خەرجكردنی زیاتر لە 349 ملیار دینار بۆ پارێزگاكان، كە لەو ژمارەیە 114 ملیار و 350 ملیۆن دیناری تایبەت دەبێت بە پارێزگاری سلێمانی”.

هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەوەشی ئاشكراكرد، لە بڕەكەی پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 77 ملیار دیناری بۆ نا شاری سلێمانی دەبێت و زیاتر لە 30 ملیاری بۆ هەڵەبجە، 21 ملیار بۆ ئیدارەی گەرمیان و زیاتر لە 15 ملیاریشی بۆ پڕۆژەكانی ئیدارەی ڕاپەڕین دەبێت.

پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، پارەكە تەرخاندەكرێت بۆ پڕۆژەكانی شارەوانی، ئاو، سەوزایی، كشتوكاڵ، گەشتوگوزار و كارەبا و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی دیكە.

دەربارەی ئەوەی ئایا پارەكە خەرجكراوە یان نا، هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی، بڕیارەكە دەچێت بۆ وەزارەتی دارایی و لە وەزارەتیشیەوە بۆ گەنجینەكان، ئەوانیش بەپێی پرۆژە دیاریكراوەكان دەست بە خەرجكردنی پارەكە دەكەن.

ڕونیشیكردەوە، لەگەڵ قایمقام و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكاندا جۆری پرۆژەكان دیاریدەكەن و لە نزیكترین ماوەدا دەست بە جێبەجێكردن و تەواوكردنیان دەكرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەت لەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكی حكومەت و پارێزگاكاندا پلانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی پەرەپێدانیی پارێزگاکان و ئەو پرۆژانەی وەزارەتەکان لە پارێزگاکان ئەنجامی دەدەن لە سێکتەرەکانی (شارەوانی، کارەبا، تەندروستی، کشتوکاڵ، پەروەردە و ڕێگاوبان) بۆ ساڵی 2021 پەسەندکران کە بە داهاتی بەردەستی حکومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت.

بۆ ئەو مەبەستەش بودجەی تەرخانکراوی پارێزگاکان بەمجۆرەیە پارێزگای سلێمانی، 114,350,000,000 سەد و چواردە ملیار و سێسەد و پەنجا ملیۆن دینار، پارێزگای هەولێر، 000 ,128,352,000 سەدو بیست و هەشت ملیار و سێسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دینار، پارێزگای دهۆک، 77,000,000,000 حەفتا و حەفت ملیار دینار.

لە وتەیەكیشیدا مەسرور بارزانی وتی، “حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کە ئەرکێکی لە پێشینەی حکومەتە، وتیشی لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی شایستە دراییەکانی هەرێمی کوردستان”.

وتیشی، بەو داهاتەی بەردەستە، لە چوارچێوەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021، درێژە بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەدرێت لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

بابەتی پێشتر

نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر كوشتنی خۆپیشاندەران هاتەدەنگ

بابەتی دواتر

كارمەندێكی نوسینگەی مێركڵ بەتۆمەتی سیخوری بۆ میسر دادگایی دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
5
Share