ڕێگە بە بەشێك لە دەستبەسەركراوان دەدرێت كامپی هۆل جێبهێڵن

ئیدارەی خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوای كوردستان ڕێگەدەدا هەزاران هاوڵاتیی سوریی دەستبەسەركراوی كەمپی هۆل، كە لەنێوانیاندا خێزانی چەكدارانی داعش هەن، بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان، وەك ئەوەی ئاژانسی فڕانس پرێس لەسەر زاری بەرپرسێكەوە بڵاویكردووەتەوە.

ڕیاز زرار، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات، باڵی سیاسیی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند، سورییەكانی كامپی هۆل دەڕۆن و تەنها بیانییەكان دەمێننەوە.

وتیشی، “لەنێو كامپەكەدا خێزانە داعشە سورییەكان هەن، ئەو كەسانە ئازاد دەكرێن بەهۆی ئەوەی هیچ مانایەك بۆ دەستبەسەركردنی خێزانێك نییە ئەگەر لەلایەن كەسە نزیكەكانییانەوە ژیانیان زامن بكرێت”.

بەپێی ئاژانسەكە، هێشتا وادەی جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەرنەچووە كە تەنها چەكدارە دەستگیركراوە سورییەكان دەگرێتەوە.

كامپەكە كە دەكەوێتە پارێزگای حەسەكە، بەپێی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان زیاتر لە 64 هەزار كەس لەخۆدەگرێت كە 24 هەزار و 300 كەسیان سوری-ن، ئەوانە هەڵهاتوو یان دەستگیركراوی كاتی شەڕەكانن لەدژی داعش.

هەر لەنێو دەستگیركراوانی كامپەكەدا عێراقییەكان زۆرترینی بیانییەكان پێكدەهێنن، سەرەڕای هەزارانی دیكە لە خێزانی چەكدارانی دیكەی داعش كە سەر بە زیاتر لە 50 دەوڵەتی جیاجیان.

بەپێی وتەی زرار، بەهەمان شێوە ڕێگە بەو عێراقییانەی دەیانەوێت كامپەكە جێبهێڵن دەدرێت، بەڵام ئاماژەی بەوەدا كە زۆرێكیان دەیانەوێت بمێننەوە بەهۆی ترسیان لە گرتن و دادگاییكردنیان لە عێراق بەهۆی پەیوەندییەكانیانەوە بە داعش.

پێشتر چەندین جار ڕێكخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتییەكان هۆشدارییاندا لە دۆخی دژواری كامپەكە بەهۆی زۆری و چڕی ئەوانەی تیایدان و كەمی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان.

لەوەتەی كۆتاییهێنان بە داعشی ڕاگەیاندووە لە ئازاری 2019، دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوای كوردستان داوا لە وڵاتانی پەیوەندیدار دەكات، هاوڵاتییە دەستگیركراوەكانی لای هێزەكانیان بگەڕێننەوە یان دادگایەكی نێودەوڵەتی بۆ دادگایی ئەو یاخیبووانە پێكبهێنن، بەڵام زۆرینەی وڵاتان و لەنێویشیاندا ئەوروپییەكان سوورن لەسەر نەگەڕاندنەوەی هاوڵاتییانیان.

بەرپرسەكەی ئیداره‌ی خۆبەڕێوبەری ئەوەشی خستوەتەڕوو كە كەمپەكە بووەتە بارگرانییەكی زۆر بۆیان لەڕووی توانای ئەمنی و بژێوییەوە.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی كوردستان توانیویه‌تی ببێت به‌ نوێنه‌ری خه‌ڵك و چاودێریی حکومەت بکات؟

بابەتی دواتر

كازمی.. ئەو سەرۆكوەزیرانە شیعەیەی نانی شیعەكانی لەتكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share