لە جیهاندا چەند كەس بە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا كوتراون؟

ئاژانسێكی ڕوسی ئاشكرایكردووە، لە جیهاندا تا ئێستا زیاتر لە 200 ملیۆن كەس بە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا كوتراون.

ئاژانسی تاس-ی ڕوسی ئەمڕۆ شەممە 20ی شوبات بە پشت بەستن بە داتاكانی وڵاتان ئاشكرایكردووە، لە جیهاندا كۆی گشتیی ئەو كەسانەی تا ئێستا بە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا كوتراون گەیشتووەتە 200 ملیۆن و 269 هەزار و 332 كەس كوتراون.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو ڕێژەیە 2.6%ی كۆی دانیشتووانی جیهان دەكات.

سەبارەت بەو وڵاتانەی زۆرترین كەسیان تێدا كوتراوە ئەوە خراوەتەڕوو، ئەمریكا و چین و بریتانیا و هیندستان 65%ی كۆی كوتراوەكانی جیهان پێكدەهێنن.

ئەوەش لە كاتێكدایە، بەگوێرەی پێگەی ” “كە تاكە سەرچاوەی فەرمییە بۆ ئاماری كۆرۆنا، لە جیهاندا 111 ملیۆن و 415 هەزار و 205 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 2 ملیۆن و 467 هەزار و 48 كەسیش بە هەمان هۆكار مردوون.

كۆی ئەو كەسانەشی تا ئێستا تووشی كۆرۆنا بوون و چاكبوونەتەوە، 86 ملیۆن و 267 هەزار و 157 كەسن.

وەزیری تەندروستیی عێراق

كەی ڤاكسینەكە دەگاتە عێراق؟

لە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە تا ئێستا ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بەكارنەهێندراوە و نەگەیشتووەتە وڵاتەكە.

ئەمڕۆ لای خۆیەوە حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، “هەفتەی كۆتایی مانگی شوبات (ئەم مانگە) كاروانی یەكەمی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دەگاتە عێراق”.

وەزیری تەندروستیی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، “سەرەتا 3 ملیۆن و 400 هەزار ڤاكسین دەگاتە عێراق”.

سەبارەت بەو كەسانەی سەرەتا سوودمەند دەبن لەو ڤاكسینە، وەزیرە عێراقییەكە ئاشكرایكردووە، “سەرەتا كارمەندانی تەندروستی و دەزگا ئەمنییەكان و خەڵكانی بەتەمەن دەكوترێن”.

حەسەن تەمیمی لە لێدوانێكی پێشوتریدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەو ڤاكسینەی عێراق دەیكڕێت، ڕێژەی هەرێمی كوردستانی تێدا دەبێت”.

لەبارەی كۆرۆناوە هۆشداری دەدرێت

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشكرایكردووە، توشبوون بە كۆرۆنا لە وڵاتەكە بەشێوەیەكی مەترسیدار ڕووی لە زیادبوون كردووە.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ شەممە 20ی شوبات، بە سكای نیوزی وتووە، “توشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق بەشێوەیەكی مەترسیدار ڕووی لە زیادبوون كردووە”.

وتەبێژەكەی تەندروستیی عێراق ئەوەشی ئاشكراكردووە، “لەنێو منداڵان و گەنجاندا توشبوون بە جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا تۆماركراوە”.

وەزارەتی تەندروستیی داوای لە هاوڵاتییانیش كردووە پابەندبن بە ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ توشبوون بە كۆرۆنا نوێیەكە دابندرێت.

لە عێراق تا ئێستا زیاتر لە 661 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون، هەروەها 13 حاڵەتی مردن لە هەمان هۆكار تۆمار كراوە.

ڤایرۆسە نوێیەكەش لە عێراق سەری هەڵداوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە لە هەرێمی كوردستان حاڵەتی توشبوون بە جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا تۆمار كرابێت بەڵام پشتڕاست نەكراوەتەوە.

بابەتی پێشتر

چۆن تابلۆی ئۆتۆمبیل لە پارێزگایەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگایەکی تر؟

بابەتی دواتر

لە چەند ڕۆژی داهاتوو پارەی جوتیاران دابەشدەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share