دراما.. ڕیاڵ مەدرید بەبێ گەورەکان ڕوبەڕوی ئەسپە ڕەشەکەی ئیتاڵیا دەبێتەوە؟

زینەدین زێدان بەهۆی پێکانی یاریزانانەوە ناجارە بە پێکهاتەی یەدەگەوە ڕوبەڕوی ئاتالانتا ببێتەوە

یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی بەهۆی پێکانی یاریزانە سەرەکی و ناودارەکانیەوە، ڕەنگە بەرانبەر یانەی ئاتالانتای ئیتاڵی بە پێکهاتەیەکی یەدەگەوە یاریبکات.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، هەینی ڕابردوو هەریەک لە سێرجیۆ ڕامۆس و دانی کارڤاخال و کەریم بنزیمە و ئیدین هازارد بەشداری یەکەی مەشقوڕاهێنانە ئامادەکاریەکانیان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەمڕۆ، شەممە بەرانبەر بەلەد وەلید نەکردووە، ئەوەش گومانی بۆ زێدان و بەرپرسانی یانەکە دروستکردووە.

مارکا نوسیویەتی، بنزیمە لە ماسولکەی ڕانی هەستی بە ئازار کردووە، جۆر و ئازاری پێکانەکەی گومانی ئەوە دروستدەکات کە بۆ ماوەیەک دووربکەوێتەوە، تەنانەت ئەگەر بەخێرایی بگەڕێتەوە مەحاڵە لە ناوەڕاستی هەفتەدا بتوانێت توانا جەستەییەکانی بگەڕێنێتەوە.

زێدان چی دەکات و کێشە لە چیدایە؟

ڕۆژنامە ناودارەکەی مەدرید لە کەسانی نزیکی زێدانەوە زانیویەتی، ڕاهێنەری ناوبراو تاوەکو کۆتا سات چاوەڕوانی گەڕانەوەی بنزیمەی هاونیشتیمانی دەکات و هەستیش دەکات پێکهاتەکەی لە مەترسیدایە.

بنزیمە و ڕامۆس و کارڤاخال بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەرانبەر ئاتالانتا بەشداری ناکەن

هۆکاری ترسی زێدان بۆ لیستی گۆڵکارەکانی یانەی شاهانە دەگەڕێتەوە لەم وەرزەدا، وا دەردەکەوێت جگە لە بنزیمە گۆڵکار و یاریکەری یەکلاکەرەوەی دیکە بوونیان نەبێت، چونکە کاسیمێرۆ وەکو دووەم گۆڵکار و لوکا مۆدریچ وەک سێیەم گۆڵکاری یانەکە ناویان هاتووە.

“زیزۆ” بەرانبەر ئاتالانتا بێرگامۆ کە بە ئەسپی ڕەشی ئیتاڵیا ناوزەند دەکرێت، ناچارە یاری بە ماریانۆ دیاز بکات، لە هەمان کاتدا سەربەستی بە کاسیمێرۆ و لوکا مۆدریچ بدات لە یاریگای ڕکابەردا هەوڵی قەرەبووکردنەوەی کەلێنی بنزیمە بدەن.

پرسیارەکە ئەوەیە: بەرانبەر یانەیەکی تێروتەسەلی هێرشبەری، ئەم پلانەی زێدان سەرکەوتوو دەبێت؟

بابەتی پێشتر

مۆریسۆن.. گەوهەرەکەی فێرگسۆن و دزی پێڵاوە وەرزشیەکان لە مانچستەر یونایتد

بابەتی دواتر

مێسی و یانە خوازیارەکانی لە ئاشکرابوونی نهێنییەکانەوە بۆ نکوڵیکردن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share