سەدر هەڕەشەی لەناوبردنی بەعسییەكان دەكات

فۆتۆ، فرانس پرێس

موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر هەڕەشە لە بەعسییەكان دەكات و بەڵێن دەدات كۆتایی بە دەنگیان بهێنێت.

لە تویتێكدا ئەمشەو هەینی 19ی شوبات، موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر هەڕەشەی لە بەعسییەكان كرد و ڕایگەیاند، “كاتێك سەیری هەواڵەكان دەكەم لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆن یان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یاخود لەڕێگەی تۆماركردنی هەندێكیانەوە بە شێوەیەكی تایبەت و گەیشتنیان بە من، تێبینی دەكەم دەنگی بەعسی سەدامی بەرزدەبێتەوە.”

سەرۆكی ڕەوتی سەدر دەڵێت، “لێرەوە دەبێت ‘شەریفەكان’ی نێو پەرلەمان و حكومەت، رۆڵی دەستەی ڕیشەكێشكردنی بەعسی تیرۆریستی قەدەغەكراو كارابكەن نەك دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەپێچەوانەوە ئەوا ئێمە ناچاردەبین ئەوە بكەین كە ویژدانمان و خۆشەویستیمان بۆ نیشتمان دەیسەپێنن بەسەرماندا لەپێناو كۆتاییهێنان بەو دەنگانە. وەڕسكەرترین دەنگیش، دەنگی بەعسی گەنیوە.”

سەدر درێژەی بە هەڕەشەكانی لەدژی بەعسییەكان داوە و نووسیویەتی، “بەعس لە عێراقی ئازیزماندا جێەگی نابێتەوە و تەنانەت گەر بە سیمایەكی تریشەوە دەربكەوێت، ئەوا لە بۆسەدا دەبین بۆی.”

موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر دەڵێت، “هێشتا قەسابخانەكانی سەدام و گۆڕەبەكۆمەڵەكان و گوێبڕین و بڕینەوەی دەست و كوشتنی زانایانمان بیرنەچوونەتەوە.”

هەڕەشەكانی سەدر لەكاتێكدان، ماوەی چەند ڕۆژێكە ڕەغەد، كچە گەورەی سەدام لە كەناڵێكی سعودیەوە چاوپێكەوتنی لەگەڵدا دەكرێت و یەكێك لە تەوەرەكانیش، باسكردنی گەڕانەوەی ناوبراوە لە داهاتوودا بۆ عێراق و ئەگەری بەشداریكردنی لە پرۆسەی سیاسیدا.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. دوو تۆمەتبار دەستگیركران

بابەتی دواتر

سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق: پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا نیمچە ڕێككەوتنێكی لەبارەوە كراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share