سەرچاوەیەكی ئەمنی: هێرشەكەی داعش لە گوڵاڵە زیانی گیانی بەدواوە نەبوو

عەقید- شەماڵ عەبدلڕەحمان، بەڕێوبەری ئاسایشی كۆكز لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، “چەكدارانی داعش بە هاوەن هێرشیانكردووەتە سەر ناحیەی گوڵاڵە”، ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتكردەوە كە باس لە بوونی قوربانی دەكەن.

وتیشی، “نزیك كاتژمێر هەشتی شەوی پێنجشەممە چەكدارانی داعش سێ گولە هاوەنیان ئاڕاستەی ناو ناحیەی گوڵاڵە كرد، دواتر بە قەناس تەقەیان كرد، بەڵام هێرش و تەقەكان هیچ قوربانییەكیان لێنەكەوتەوە.”

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، دوای ئەنجامدانی هێرشەكە و لەكاتی هەڵهاتنیاندا، چەكدارانی داعش لە كامێراكانی هێزە عێراقییەكانەوە بینراون، بۆیە سوپای عێراق بە دۆشكە و گولە هاوەن تەقەی لێكردوون.

تا كەمێك لەمەوبەریش، “ئێستا” لە هەوڵی بەدەستخستنی زانیاریدا بوو لەبارەی ئەو چەكدارانەی هێرشەكەیان كردووە كە داخۆ بە ئاگری هێزەكانی عێراق پێكراون، یاخود لە ناوچەكەدا ماونەتەوە و مەترسیی دووبارە هێرشكردنیان بۆسەر گوڵاڵە و دەوروبەری هەیە؟

لە وەڵامی ئەوەدا، عەقید- شەماڵ عەبدلڕەحمان، بەڕێوبەری ئاسایشی كۆكز لە لێدوانەكەیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “تا ئێستا نازانرێت چەكدارەكان كوژراون و برینداركراون یاخود نا، چونكە سروشتی ناوچەكە ئاڵۆزە و بەهۆی بوونی دارستان و ئاوەوە، چەكدارەكانی داعش خۆیان حەشارداوە و بەناو دارەكاندا هەڵهاتوون، هاوەنبارانكردن و تەقەی دۆشكەی هێزە عیراقییەكانیش، هەڕەمەكییانە بووە و بە ئاڕاستەی دارستانەكەدا تەقەیان كردووە.”

شەوی چوارشەممە 17ی شوبات، چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری خانەقین.

هێرشەكە لە نزیك هەردوو گوندی دەكە و شێرك كرا و كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، هەمان ئەو ناوچەیەی، كە ماوەی چەند مانگێكە داعشەكان تیایدا چالاكن و بە بەردەوامیی لە شەودا هێرشی چەكداری و هێرش لەڕێگەی بۆمب و تەقەمەنییەوە، هەندێك جاریش هێرشی خۆكوژی ئەنجامدەدەن.

لەبارەی هۆكاری ئەو هێرشانەوە، عەقید- شەماڵ عەبدلڕەحمان دەڵێت، “بەوپێیەی ناوچەكانی شێخ باوە و ئیسڵاح و دەوروبەری گوڵاڵە دارستانن، داعشەكان خۆیان حەشار دەدەن و جموجۆڵێكی چڕیان لە ناوچەكەدا هەیە.”

بابەتی پێشتر

كێن ئەوانەی هەولێریان موشەكباران كرد و لەسەر چی ڕاهێنراون؟

بابەتی دواتر

لە تەمەنی 15 ساڵیدا زیندانکرا و لە 83 ساڵیدا ئازادکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share