مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بۆ یادی یۆبیلی زێڕینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، “بەڵێنی ئەمڕۆی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی هەر ئەوەیە كە ئەمانەتی حزبی شەهیدان دەپارێزین و ئاڵا سەوزەكەی بەشەكاوەیی دەهێڵینەوە، پێكەوە ئەم ئەركە بەدیدێنین و پێكەوەش دەیكەینە خەڵاتی شایستە بۆ كورد و كوردستان”.

دەقی پەیامەكە:

سەروەریمان زۆرە و ئەركمان زۆرتر

كەسوكاری سەرفرازی شەهیدان

پێشمەرگە قارەمانەكان و هەڤاڵانی یەكێتیی

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

یادی پەنجا ساڵەی دەستپێكی خەباتی یەكێتییەكەتان، لە هەمووتان و لە هەموومان پیرۆز بێت.

پەنجا ساڵ پێشتر، لەساڵی 1975، حزبی شەهیدان بە دەستپێشخەریی سەرۆك مام جەلال و هەڤاڵەكانی لە دەستەی دامەزرێنەر جاڕی تێكۆشانێكی درێژخایەنیان بۆ رزگاری و مافەكانی گەلی كوردستان-دا، كەمتر لە ساڵێكیش دوای ئەوە، لە 1ی6ی1976دا بڵێسەی شۆرشی نوێ هەموو شاخ و دەشت و دۆڵی وڵاتەكەمانی گرتەوە.

لەم كاروانە زێڕینەدا هەزاران شەهیدی سەركردە و فەرماندە و پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ، سەدان نەبەردی پێشمەرگانە و موقاوەمەی زیندان و سێدارە و چالاكی رێكخستن و خۆپیشاندان و مانگرتن، تێكڕایان بوونە ناونیشان و رەمزی قۆناغێكی نوێی بەرخۆدانی كوردایەتی و دیموكراتی بە ناوەرۆكێكی پێشكەوتنخوازی كۆمەڵایەتییەوە.

وێستگەكانی تێكۆشانی یەكێتیی كە هیوا و ئاواتی میللەتەكەمانی زیندووكردەوە، لەهەموو ئاست و بوارەكانی سیاسەتدا نوێ و دەگمەن و بێ وێنەبوو، تێكۆشانی ژنان و پیاوان، كچان و كوڕانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان واكۆمەڵانی خەڵكی جۆشدایەوە، كە كوردستان بە كردەوە بووە گۆڕەپانی جووڵانەوەیەكی هەمەلایەنەی سیاسیی، پێشمەرگایەتی، رووناكبیری، ئیعلامی و جەماوەریش.

لە ماوەیەكی كورتدا، سەرەڕای ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، وێڕای خۆخۆری و سەركوت و ستەمی رژێمی بەعسی داگیركەر، یەكێتی توانی ویستی میللەتەكەمان بۆ ئازادی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، لە راپەڕینی سەرتاسەریدا سەربخات و بۆ یەكەمینجار لە ژیانی تێكۆشەراندا ئاواتەكانی رزگاری و دیموكراسیی و حوكمڕانی خۆبەخۆ و خۆمانی بە دیبێت.

سەرەنجام لە سایەی قوربانی و رەنج و هیلاكی یەكێتییەكەتاندا ئەزموونی دیموكراسیی لە هەرێمی كوردستان بەسەر هەموو تەنگژە و دژوارییەكاندا زاڵبوو كاروانی سەركەوتووی خۆی گەیاندە قۆناغی روخانی رژێمی دیكتاتۆر و ئاواكردنی عێراقێكی فیدراڵی و دیموكراسیی و ئاوەدانكرنەوەی وڵات بە ئازادی كەركوك و خانەقین و تێكڕای ناوچە دابڕاوەكانیشەوە كە نەخشەڕێگای دەستووری لە ماددەی 140دا بۆ دانراوە، دوای دەیان ساڵ لە داڕزان و داكەوتن، تەعریب و تەبعیس و تیرۆر و تەرهیبیش، كە بەسەر میللەتەكەماندا هێنرا.

هەر لە قۆناغی پڕۆسەی دیموكراسی و دەستووریشدا سەرۆك مام جەلال، دامەزرێنەر و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رابەر و پێشمەرگەی دیموكراتخواز بووە، یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی جێی متمانەی گەل و سەمام ئەمانی عێراقی فرە نەتەوە و فرە مەزهەب و فرە كێشە بووە، لەئەزموونی سەرۆكایەتیی خۆیدا نموونەی جاویدان و مەزنی لەسەر لێوەشاوەیی تێكۆشەری یەكێتیی و لەخۆبووردویی حزبی شەهیدان پێشكەشی كوردستان و گەلانی عێراقیش كرد، كە بۆ هەتا هەتایە شانازییە بۆ میللەتەكەمان لە ئاستی دونیادا.

هەڤاڵان و كۆمەڵانی خەڵكی جوامێر و بەوەفای كوردەواری كە هێزی لە بن نەهاتووی یەكێتی و كوردایەتیین، لەم رێڕەوە پەنجا ساڵییەدا یەكێتی هەمیشە ئاوێتەی رەنج و قوربانی، ئازار و هیواكانی جەماوەر بووە و لێی دوور نەكەوتووەتەوە و لێی جیانەبووەتەوە، هەر لەبەر ئەوەش یاد و یادگارەكانی، شەهید و قوربانییەكانی دەیان ساڵەی بۆنە و سەروەریی نەتەوەیی و نیشتمانین و كۆمەڵانی خەڵكی خۆیان لەگەڵ یەكێتی خاوەندارێتی لێدەكەن و پێی شاد و سەربەرزن .

جا ئەمرۆش كە لە هەلومەرجێكی نوێدا یادی یۆبێلی زێڕین دەكەینەوە، كوردستان و یەكێتییەكەی، عێراق و ئەزموونەكەی ئەرك و فرمانی تازەیان لەسەر شانە و پێویستە لەگەڵ خۆشی و شانازی یادەكەدا هەموومان بۆ ئەركەكانی نوێی خەباتی سیاسیی ئامادەبین، خۆمان مشتوماڵ بكەینەوە و لەسایەی یەكێتییەكی پتەوتر، یەكریزتر و تۆكمەتردا وەڵامی ئەركەكانی قۆناغ بدەینەوە، هەڤاڵانی دێرین و ئێستامانی بۆ سازبدەین و گەلەكەمانی بۆ جۆشبدەین، كچان و كوڕانی نەوەكانی تازەی كوردەواری بهێنینە پای ئەم خەباتە ستراتیژییە كە هێشتا زۆری ماوە بگاتە دوا مەنزڵی ( ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین).

سڵاو و درود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كاروانی پەنجا ساڵە و تێكرای شەهیدانی كوردستان و عێراق.

سڵاو لە خەباتگێڕانی دێرینی هەموو قۆناغ و سەردەمەكان كە یەكێتییان كردە ئەم تەلارە بەرز و بڵندەی سەرتاسەری كوردستان.

بەڵێنی ئەمڕۆی یەكێتیش بە سەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی هەر ئەوەیە كە ئەمانەتی حزبی شەهیدان دەپارێزین و ئاڵا سەوزەكەی بەشەكاوەیی دەهێڵێنەوە، پێكەوە ئەم ئەركە بەدیدێنین و پێكەوەش دەیكەینە خەڵاتی شایستە بۆ كورد و كوردستان.

لەیادی یۆبیلی زێریندا وەك مامی گەورەمان دەیوت ( ئێوەش هەر شاد و سەربەرز و سەركەوتووبن)

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە سلێمانی بەهۆی نەبوونی دەرمان بەشێک لە نەخۆشخانەکان خزمەتگوزارییەکانیان ڕادەگرن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی لە بەشێک لە نەخۆشخانەکانی شارەکە ڕاگەیاند، بەهۆی نەبوونی دەرمان و پێداویستیی پزیشکییەوە،…
Total
0
Share