کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی شوبات ڕایگەیاند کە بڕی ئەو بارمتەیەی کە لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەردەگیرێت و دەخرێتەسەر هەژماری کۆمسیۆن کەمکراوەتەوە بۆ دوو ملیۆن دینار.
لە ڕاگەیەنراوێکدا لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، “وەکو سووربوونێک لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ فراوانکردنی بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و کەمکردنەوەی قورسایی دارایی لەسەر شانی ئەوانەی ئارەزووی خۆپاڵاوتنیان هەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، ئەنجومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی بڕی ئەو بارمتەیەی دەخرێتە سەر هەژماری کۆمیسیۆن”.
کۆمسیۆن ئاماژەی بۆئەوەکردووە کە هەر بەربژێرێکی تاک کە دەیەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات یان هەر پاڵێوراوێک لە چوارچێوەی ئەو لیستە کراوانەی کە حزبەکان یان هاوپەیمانییە سیاسییەکان پێشکەشیدەکەن دەیەوێت خۆی کاندید بکات بڕی پێنج ملیۆن دینار وەردەگیرا لێیان بەڵام کۆمسیۆنی بڕی ئەو پارەیەی بۆ دوو ملیۆن دینار کەمکردووەتەوە.
حکومەتی عێراق لە دوای خۆپیشانەدانەکانی عێراق بڕیاریدا کە لە بەرواری 2021/6/6 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت کە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بەڵام دواتر حکومەتی عێراق کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی گۆڕی و بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بۆ ئەمەش کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە.