شاندی هەرێمی کوردستان: ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ڕێککەوتن بکرێت لەسەر پشکی هەرێم

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی شوبات ڕایگەیاند کە ئاماژەکان نیشانی دەدەن کە ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021ی عێراقدا بکرێت.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەمیر هەورامی ڕایگەیاند، “ئاماژەی لێکنزیکبوونەوە هەیە بۆ گەیشتن بە شێوازێکی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی عێراق لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان زۆرترین ئەگەریش بۆئەوەیە کە بەوجۆرەبێت حکومەتی هەرێم و بەغداد لەسەری ڕێککەوتوون لە ڕەشنوسی بودجەدا”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆبوونەوە و دیدارەکان بەردەوامن لەگەڵ لایەنە سیاسی و کەسایەتییە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە شێوازێکی دیاریکراو کە ڕەزامەندی سەرجەم لایەنەکانی لەسەربێت، بەپێی دەستور.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا کراوە و لە پرۆژە یاسای بودجەدا دیاریکراوە، هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ناردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی سۆمۆوە، هەروەها ڕادەستکردنی %50ی داهاتی دەروازە سنورییەکان.

ڕاشیگەیاند، “بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی ڕێککەوتن نەکرێت یان دوابخرێت لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەمەبەستی ناردنی پرۆژەیاسای بودجە بەبێ بوونی ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان، هەروەها گفتوگۆ و دەنگدانی لەسەر بکرێت لە پەرلەمان و وەک کارتێکی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێت”.

دەڵێت، “لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاساکە دەنێرێتە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری”.

لە مادەی 11ی پرۆژە یاسای بودجەدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2021ی عێراقدا تۆمارکراوە، بە هەماهەنگیی دیوانی چاودێریی حکومەتی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بابەتی پێشتر

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بارمتەی وەرگیراو لە کاندیدەکان کەمکردەوە

بابەتی دواتر

پارێزگارى هەولێر سوێندى یاسایى خوارد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share