وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی شوبەت ڕایگەیاند کە گومانیان هەیە جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بوونی هەبێت لەناو خەڵکدا و وتیشی پێشئەوەی هیچ حاڵەتێک تۆماربکرێت ڕێکاری توند دەگرینەبەر.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا لە 60 وڵاتی دونیا تۆمارکراوە و بەم دواییانەش لە عێراق تۆمارکراوە، بۆیە وەکو وەزارەت گومانمان هەیە لەوەی لەناو کۆمەڵگەی ئێمەشدا هەبێت”.
دکتۆر ئاسۆ حەوێزی وتیشی، “گومانەکانی ئێمە تەنها گومانی بێ بنەما نییە و بنەمای زانستیی هەیە چونکە ئەو جۆرە نوێیە بەخێرایی دەگوازرێتەوە و بەڵگە زانستییەکانیش دەریدەخەن کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە ڤایرۆسەکە بوونی هەیە لەوکاتەشەوە سەرجەم سنورەکانمان کراوە بووە و هاتوچۆ ئاسایی بووە بۆیە ئاساییە و دەکرێت ئەو جۆرە نوێیەش لەناو خەڵکدا هەبێت”.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕێوشوێنی و گرتنەبەری ڕێکاری پەیوەست بەو پرسە دەڵێت، “بەرلەوەی هەر حاڵەتێک تۆماربکەین ئێمە لە ئێستادا لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵین بۆ دیاریکردنی ڕێکارەکان و دەستپێکردنی ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردنی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان”.
لەبارەی ئەوەی ئایا ڕێکارەکان قەدەغەی هاتوچۆ دەگرێتەوە دکتۆر ئاسۆ وتی، “تاوەکو ئێستا نازانین بڕیار لەسەر چ ڕێکارێک دەدرێت بەڵام لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بڕیار لەبارەی ڕێکاری توند بۆ ڕێگریکردنی ئەو ڤایرۆسە دەدەن”.
لە بەرواری 15ی شوبات حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق تۆمارکردنی جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنای لە عێراق ڕاگەیاند و ڕۆژی 16ی شوباتیش وەزارەتی تەندروستیی عێراق یەکەم حاڵەتی مردنی بەو ڤایرۆسە ڕاگەیاند.