پەكەكە ڕاگەیەنراوێك لەبارەی شەڕی چیای گارەوە بڵاودەكاتەوە

گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان

پارتی كرێكارانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تێكۆشانی شوباتی 2021 لە گارە دەبێتە سەرەتای كۆتاییهاتنی “ڕژێمی فاشیست” و دەشڵێت، لە شەڕەكاندا 15 گەریلا “شەهیدبوون” و دو گەریلاش بەدیل گیراون، هەروەها 37 سەربازی سوپای تورکیاش کوژراون.

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی شوبات ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر هێزەكانیان لە چیای گارە بڵاوكردەوە و دەڵێت، “چۆن تێكۆشانی 2008 لە زاپ بووە دەسپێکی کۆتایی هاتنی قەڵەمڕەویی سوپا، تێکۆشانی شوباتی 2021 لە گارە دەبێتە سەرەتای کۆتاییهاتنی ڕژێمی فاشیست”.

دەشڵێت، لە دەستپێکی هێرشەکەدا کەمپێکی دیلەکان لەلایەن سوپای تورکیاوە بەئامانج گیراوە و لەلایەن هێزەکانیان وەڵامدراونەتەوە، بەڵام دواتر فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە کامپەکەیان بۆردومانکردووە و بەوهۆیەوە 12 دیل کوژراون و 6 گەریلاش “شەهیدبوون” کە یەکێکیان فەرماندەی پاراستنی دیلەکان بووە.

باس لەوەشدەكات كە لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە هاوکات لەگەڵ بۆردومانکردنی ناوچەکە “چەکی کیمیاوییش بەکارهێنراوە”.

(نەپەگە) ڕونیشیكردوەتەوە، شەش گەریلا لەکاتی بۆردومانکردنی کەمپی دیلەکان و هەشت گەریلاش لە ناوچەکانی ڕوبەڕوبوونەوە “شەهیدبوون” و دو گەریلاش بەدیل گیراون.

بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل ئاشكراشیدەكات، 37 سەربازی سوپای تورکیا لەو هێرشانەدا کوژراون.

هێرشی سەر چیای گارە لە 10ی ئەم مانگە لەلایەن سوپای توركیاوە دەستیپێكرد و بۆ ماوەی چوار ڕۆژی لەسەریەك بەردەوامبوو، لە 13ی ئەم مانگەش لەلایەن وەزیری بەرگریی توركیاوە كۆتایی هاتنی ڕاگەیەنرا.

بابەتی پێشتر

سەرۆککۆمار پێشوازیکرد لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق

بابەتی دواتر

بەڵگەنامەیەكی هەواڵگری: ئەردۆغان بەرپرسە لە زیادبوونی توندڕەوی لە هۆڵەندا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share