وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چەند زانیارییەکی لەسەر موشەکبارانکردنی هەولێر ئاشکراکرد و دەڵێت، موشەکەکان لە ڕێگەی هەولێر- گوێر بە ئۆتۆمبیلێکی کیا هاوێژراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمدا هاتووە، ” دوای ئەوەی کاتژمێر 9:30 ی دوێنێ شەو، چەند مووشەکێک بەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن ، لە ئەنجامدا لە ناو فڕۆکەخانە بووە هۆی گیانی لە دەستدانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە. لە ناو شاری هەولێریش سێ کەسی تر برینداربوون، ئەمە جیا لەوەی زیانی ماددیشی بە چەندین ماڵ و شوێنی بازرگانی گەیاندووە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ” دوای ئەوەی دەستبەجێ دەزگاکانی دژە تیرۆر و ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، شوێنی ئەو ئوتومبێلەیان دۆزیەوە کە مووشەکەکانی لێ هاوێژراوە ، ئوتومبێلەکە جۆری (کیا)یە و لە ڕێگەی نێوان هەولێر و گوێڕ دۆزرایەوە. “.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاندووە، ” ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەمان شێواز و تەکنیک کە لە هێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکار هاتبوو ، لە هێرشی دوێنی شەویش دووبارە بووەتەوە ، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەس ولایەنانەی لە پشت هێرشەکەوەن و خەڵکی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە ، کە هەموو ئەوانەی دەستیان لەم هێرشەدا هەیە و ئەنجامدەری ئەم تاوانەن ، ئاشكرا و ڕیسوا دەکرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن”.
هەر لەبارەی موشەکبارانکردنی شاری هەولێرەوە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ” هاوڵاتیان و خه‌ڵكی ئازیزی كوردستان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه، كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هه‌میشه ساز و ئاماده‌یه بۆ به‌رگری و پاراستنی سه‌لامه‌تی خه‌ڵك و خاكی كوردستان و دوپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، هێرشكردنه بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه و خەڵکی کوردستان، ئێمه له‌گه‌ڵ دۆستانمان له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش، رێگایه‌كی دوور و ساڵانێكی درێژه، پێكه‌وه له‌به‌ره‌ی به‌ره‌نگاری تیرۆر و تێكشكاندنی تیرۆریستانین له‌پێناو سه‌قامگیری ئاسایشی هه‌رێم و ناوچه‌كه.”.