بریندارێكی موشەكبارانەكەی هەولێر گیانی لەدەستدا

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە زیانی موشەکبارانەكەی شەوی ڕابردووی شاری هەولێر ڕایگەیاند، “سێ كەس بەهۆی موشەكبارانەكەوە برینداربوون”، دواتر یەكێك لە بریندارەكان گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، “برینداری یەکەم پاسەوانی یەکێک لە كونسڵگەرییەکانە لە گەڕەکی وەزیران، باری تەندروستی باشە و جێگیرە، بەڵام چەندین پڕوشکی ساچمەی بەرکەوتووە.”

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، “برینداری دووەم کەسێکی کوردی ڕۆژئاوایە و لە مەیدانی ئاژەڵان برینداربووە، برینی قوڵ و شکانی هەیە، باری تەندروستی تا ڕادەیەک جێگیرە.”

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە برینداری سێیەم کەسێکی دیکەی مەیدانی ئاژەڵانە و باری تەندروستی جێگیر نییە. تۆڕی میدیایی ئێستا زانیویەتی كە كەمێك لەمەوبەر و دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی تەندروستی، برینداری سێیەم گیانی لەدەستداوە.

كاتژمێر 9:30 خوولەكی شەوی دووشەممە 15ی شوبات، چەند موشەكێك لە چەند ناوچەیەكی شاری هەولێر كەوتنەخوارەوە، بەگوێرەی لێدوانی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، دوو لە موشەكەكان فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریان كردووەتە ئامانج و موشەكێكی تریان بەسەر فڕۆكەخانەكەدا تێپەڕیوە.

یەكێكی تر لە موشەكەكان لە گەڕەكی وەزیرانی شاری هەولێر و دانەیەكی تریشیان لە نازستی كەوتنەخوارەوە. جگە لە زیانی گیانی، بەگوێرەی زانیارییەكان، زیانی مادی بەر شەقامەكان و ماڵ و ئۆتۆمبیلی هاوڵاتییان كەوتووە و چەند ئۆتۆمبیلێك دووچاری شكاوی بوونەوە.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی: رووبەڕووی ھەر گرووپ و تاقمێک دەبینەوە کە ئاسایشی ھەرێم بخەنە مەترسییەوە

بابەتی دواتر

بایرن میونشن 3-3 ئارمینیا بیلیفێلد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share