قوباد تاڵەبانی: کێشەکانی ئێمە لەگەڵ بەغداد سیاسییە نەک دارایی

قوباد تاڵەبانی، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان ئامادەبوو، ڕایگەیاند کە ئەو کێشانەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ هەن، زیاتر لەوەی کێشەی داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان بن کێشەی سیاسیین و بە تێڕوانینی ئەوان هەرێمی کوردستان هۆکاری کێشەکانی عێراقە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2019 و دەستبەکاربوونی کابینەی پێشووی حکومەتی عێراقەوە دانوستانەکانمان لە گەڵ بەغداد بەردەوام بوون، بەڵام خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دابڕانی لە دانیشتنەکاندا دروستکرد، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێککەوتنی ساڵی پێشوومان لەگەڵ عێراق زۆر گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی وتیشی، “دوای دەستلەکارکێشانەوەی کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ جارێکی دیکە دانیشتنەکان دەستیانپێکردەوە، یەکەم ڕۆژی دوای دەستبەکاربوونی کازمی سەردانی بەغدادمان کرد تاوەکو پێیبڵێین کە ئێمە لێرەین بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش”.

“بەڵام لە ئەمساڵدا بۆشایی یاسایی دروستبوو، بەهۆی ئەوەی بودجەی ئەمساڵ پەسەند نەکرا، بۆیە نەمانتوانی ئەو شایستە داراییانەی هەرێمی کوردستان دیاریبکەین و ڕێککەوتنی لەسەر بکەین”، وەك جێگری سەرۆكی حكومەت ئاماژەی پێكرد.

جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکرد، “ئێمە لە چوارچێوەی وڵاتیکداین کە خۆی کێشەی زۆرە، کێشەی دارایی و ئابوری زۆر گەورەی هەیە، کێشەی سیاسی و ئەمنیشی هەیە، کێشەکانی عێراق بەپێی قەبارەی خۆیان لە کێشەکانی هەرێمی کوردستا زیاتر و گەورەترن، بۆیە دەبێت ئێمەش کەمێک واقعی بین، ناکرێت بڵێین کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن و شایستەکانمان ڕەوانە بکەن ئیتر کێشەکانی عێراق پەیوەندی بە ئێمەوە نییە”.

قوباد تاڵەبانی دەڵێت، “کێشەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، زیاتر کێشەی سیاسییە وەک لەوەی کێشەی نەوت و خاڵە سنورییەکان بێت، شەقامی عێراقی تێڕوانینێکیان هەیە بەرامبەر هەرێم کە پێیانوایە هەرێمی کوردستان هۆکاری کێشەکانی عێراقە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم تێڕوانینە بەشێکیشی پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە کە هەندێک لەو نوێنەرانەی کورد کە لە عێراقن و ئەو جۆرە تێڕوانینەیان لای عەرەب دروستکردووە بەرامبەر هەرێم.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی، “ئێمە دەستوورێکمان هەیە، دانیشتنەکانیشمان لەگەڵ عێراق هەر لەو چوارچێوەیەدا دەبێت، هەر کەسێکیش پێی خۆشبێت یان پێی ناخۆشبێت ئەو دەستوورە ئێستا نەخشەڕێگای بەڕێوەبردنی عێراقە، چاوپۆشیش لە مافە دەستوورییەکانمان ناکەین”.

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، “لە هەرێمی کوردستان کێشەی ئابوری و داراییمان لەگەڵ عێراق هەیە کە ئەمەش بنەڕەتی کێشەکانە ئێمە خەرجییەکانمان لە داهاتمان زیاترە، سەرەتای هەستکردنمان بە کێشە داراییەکان لە ساڵی 2014 ەوە وایلێکردین دەستببەین بۆ هەندێک چاکسازی”.

جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت، “ئەگەر سەیربکەین ئەو برە پارەیەی لە داهاتی هەرێمی کوردستان دەڕوات بۆ موچە ژمارەیەکە کە تەندروست نییە، ناشتوانین بەمشێوەیە بەردەوامبین، بۆیە دەبێت سەرچاوەی داهاتی خۆمان هەم زیادکەین و هەمیش هەمەجۆریکەین”.

بابەتی پێشتر

تا ئێستا چەند کەس لە کۆشکی سپیدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون؟

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ بابە شێخ بە خاک دەسپێردرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ماسی هەرزاندەبێت

بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا نرخی یەك كیلۆ ماسی بە 8 هەزار و 500 دینار…
Total
0
Share