پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانیان تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە كە تەقەی لە دوو هاوڵاتی كردبوو.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 15ی شوبات بڵاویكردەوە، ڕۆژی 18ی كانونی دووەمی ڕابردوو لە نێوان دوو دراوسێ لەسەر كێشەی ئۆتۆمبێل ڕاگرتن دەمەقاڵێ دروستبوو بەهۆیەوە تۆمەتبارێك تەقەی لە دوو هاوڵاتی كرد و زیانی بە ئۆتۆمبێلەكەیان گەیاند و دواتر هەڵات.
دەشڵێت، دوای گەیشتنی مەفرەزەكانی پۆلیس كەشف و هێڵكاری شوێنی ڕوداوەكە كرا و لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد و توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت.
پۆلیسی سلێمانی ڕونیشیكردوەتەوە، لەئێستادا تۆمەتبار (ش. س.) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 405-31 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر چەكێكی جۆری كڵاشینكۆف كە بە تۆمەتبار بووە و تەقەی پێكردووە.
دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە لەكاتێكدایە تەنها دوێنێ لە سێ هەڵمەتی جیادا چوار تۆمەتبار بە تۆمەتی ڕفاندنی كچ، تەقەكردن و برینداركردن دەستگیركران.