بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا: نابێت ڕێگەبدرێت بازرگانی بە توشبووانی شێرپەنجەوە بکرێت

دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 15ی شوبات ڕایگەیاند کە بەشێکی نوێ لە قاوشی منداڵانی توشبوو بە شێرپەنجە دەکەنەوە کە تایبەتە بە یاریکردن و کاتبەسەربردنی منداڵان، داواشیکرد ڕێگە نەدرێت نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە بدرێت بە کەرتی تایبەت و بازرگانی بە توشبووانی شێرپەنجەوە نەکرێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دکتۆر یاد ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجەی منداڵاندا بەشێکی نوێ لە قاوشی منداڵانی توشبووی شێرپەنجە دەکەینەوە کە تایبەتە بە یاریکردن و کاتبەسەربردنی ئەو منداڵانەی کە سەردانی نەخۆشخانەکەمان دەکەن بۆ چارەسەرکردن یان سەردانی پزیشک دەکەن و زیاتر لە دوو بۆ سێ کاتژمێر دەمێننەوە”.

سەبارەت بە ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا وتی، “لە ساڵی 2020دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕیکارە تەندروستییەکان لەسەرتاسەری جیهاندا ئامارە تۆمارکراوەکانی توشبووانی شێرپەنجە کەمیکردووە و ڕاست و دروست نەبوون”

ئاماژەی بەوەکرد، “لە نەخۆشخانەکەی ئێمە 2543 توشبووی شێرپەنجە تۆمارکراوە کە شێرپەنجەی مەمک لە پلەی یەکەمدایە لەو ژمارەیەی تۆمارکراوە %60 – 70ی لە پاڕیزگای سلێمانی و هەڵەبجە بووە و %30 لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاست و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بووە”.

هەروەها لە منداڵاندا 178 توشبووی نوێ تۆمارکراون کە لەو ژمارەیە %45 ی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بووە، لە %40ی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بوون و %15 -20یشی لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون.

بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا ئەو منداڵانەی توشبووی شێرپەنجەن و لەو نەخۆشخانەیە چارەسەر وەدەگرن منداڵانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، دکتۆر یاد وادەڵێت.

ڕاشیگەیاند کە زۆرترین توشبووی شێرپەنجە لە منداڵاندا جۆری شێرپەنجەی خوێنە و دوای ئەویش شێرپەنجەی گرێی سەر لە پلەی دووەمدا دێت.

ئەو بەرپرسە تەندروستییە داوای کرد کە ڕێگریبکرێت لەوەی کەرتی نەخۆشی شێرپەنجە بدرێت بە لایەنی ئەهلی و کەرتی تایبەت و وتی، “بازرگانیکردن بە توشبووانی شێرپەنجەوە جەریمەیە”.

ئەمڕۆ 15ی شوبات لە جیهاندا وەک ڕۆژی جیهانی شێرپەنجەی منداڵان دیاریکراوە و لەسەر ئاستی جیهان بۆنە و هۆشیاری تەندروستی لەوبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە بۆ منداڵان و دایک و باوکان.

بابەتی پێشتر

گەشتی ئاسمانی نێوان عێراق و ئێران دەستپێدەکاتەوە

بابەتی دواتر

وەزیری تەندروستی: توشبوون بە کۆرۆنا گۆڕاوەکە لە عێراق تۆمارکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share