كۆنگرەیەكی تایبەت بە ڤاكسینی كۆرۆنا بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەنێو ئامادەبووانیدا كۆتایی هات

كۆبوونەوەكە بووەتە هۆی توشبوونی چارەكێكی بەشداربووان

كۆنگرەیەكی پزیشكیی كۆمپانیایەكی ئەمریكی كە كار لەسەر پەرەپێدانی ڤاكسینەكانی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات، بووە مۆڵگەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، پاش تۆماركردنی زیاتر لە 20 توشبوو لەنێو بەشداربووانیدا.

ئەمەش لەكاتێكدابوو كە ئامادەكاران بانگەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزیی گشتی و دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتییان لەنێو كۆنگرەكەدا دەكرد.

پڕۆفیسۆر پیتەر دیاماندیز، وانەبێژ لە كۆلێجی پزیشكیی زانكۆی هارڤارد و دامەزرێنەی دامەزراوەی XPrize، لایەنی ڕێكخەری كۆنگرەكە بڵاویكردەوە، 24 كەس لە بەشداربووان ئەنجامی پشكنینی ڤایرۆسەكەیان پۆزەتیڤ دەرچووە، لەنێویشیاندا خودی خۆی.

دیاماندیز ئەوەشی وت، سەرەڕای ئەنجامدانی 452 پشكینین بۆ بەشداربووان كە ژمارەیان 100 كەس بووە لەگەڵ ڕێكخەران و، بوونی چوار پزیشكی چاودێری بەدرێژایی كاتژمێرەكانی كۆنگرەكە، كۆبوونەوەكە بووەتە هۆی توشبوونی چارەكێكی بەشداربووان.

پڕۆفیسۆر پیتەر دیاماندیز، ڕێكخەری كۆنگرەكە

ئەو پزیشكە دەڵێت، ڕێكخەران پشتیان بە بیردۆزی “بڵقی بەرگری” بەست، كە مانای كۆمەڵگایەكی داخراو دەدات كە ئەندامەكانی ڕێوشوێنی بەرگرییان گرتووەتەبەر كە وادەكات توشبوونیان بە ڤایرۆسەكە بەدووربزانرێت، بەڵام پێدەچێت سەركەوتوو نەبوبێت.

بەپێی دیاماندیز، سەرجەم ڕێوشوێنە خۆپارێزییە گونجاوەكان بەر لە كۆنگرەكە گیراوەتەبەر، لەوانەش داوا لە ئامادەبووان كراوە لانیكەم 72 كاتژمێر بەر لە بەشداریكردنیان پشكنینی كۆرۆنا بكەن، سەرەڕای پشتبەستن بە كۆمپانیایەكی تایبەت بۆ وەرگرتنی پشكنینی ڕۆژانەی بەشداربووان.

بەڵام بەوتەی ئەو بەشێك لە بەشداربووان پابەندنەبوون بە بەستنی دەمامك، ئەمەش یەكێك لە كەموكوڕییەكانی كۆنگرەكە بووە كە پێویستە وانەی لێوەوەربگیرێت.

بڕیاربووە كۆنگرەكە ئۆنلاین ئەنجامبدرێت و، 300 كەس لە ماڵەكانیانەوە لە 25 وڵاتی جیهان بەشداری تیادابكەن، بەڵام داوای بەشداربوونی ڕاستەوخۆ كراوە و بەوەش پلانەكە گۆڕدراوە.

بابەتی پێشتر

ئێران: تا کاتێک حکومەتی سوریا بیەوێت لەو وڵاتە دەمێنینەوە

بابەتی دواتر

بەغداد.. بۆمبێك لە سەنتەرێكی مەساجدا تەقێندرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share