وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: هیوادارین کەنەدا دەستهەڵگرێت لە سیاسەتی دووفاقی

کەنەدا بەهۆی بەکارهێنانی لە پێکدادانەکانی نێوان ئازەربایجان- ئەرمینیا، بەشێوەیەکی کاتی هەناردەکردنی ژمارەیەک کەلوپەل و کەرستەی سەربازیی بۆ تورکیا ڕاگرت، وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش، ئەمڕۆ سێشەممە 6ی ئەیلول، ڕایگەیاند، “هیوادارین کەنەدا دەست لە سیاسەتی دووفاقی هەڵگرێت”.

لە ڕاگەیەنراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەم بڕیارەی کەنەدا سیاسەتێکی دووفاقییە و دەڵێت، “ئازەربایجان لە چوارچێوەی بەرگری لە خۆکردندا، خەبات بۆ گەڕاندنەوەی خاکە داگیرکراوەکانی دەکات کە ئەرمینیا ماوەی 30 ساڵە داگیری کردوون”.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “لە کاتێکدا گەورەترین کارەساتی مرۆیی ئەم سەدەیە لە یەمەن ڕودەدات، بەڵام کەنەدا بەردەوامە لە هەناردەکردنی چەک بۆ ئەو وڵاتانەی کە بژاردەی سەربازییان دژبە قەیرانی یەمەن بەکارهێناوە، تەنانەت لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیشدا ڕەخنە لەم فرۆشتنەی چەک گیراوە، بەڵام لەئێستادا کەنەدا ڕێگری لە هەناردەکردنی کەلوپەلی سەربازیی بۆ وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ دەکات”.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە حکومەتی ئەنقەرە، ڕێککەوتنی لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە هەیە کە کەلوپەلی بۆ هەناردە دەکەن و بەوریاییەوە سەرجەم ئەرکەکانی سەرشانی خۆشی بەجێهێناوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە کەنەدا کراوە، “واز لە سیاسەتی دووفاقی بهێنێت و بۆ دژایەتیکردنی تورکیا نەکەوێتە ژێر کاریگەریی وڵاتانی دیکەوە”.

بابەتی پێشتر

چەند پەرلەمانتارێك سوورن لەسەر پرساندنی سەرۆكی حكومەت

بابەتی دواتر

بەشار ئەسەد: تورکیا تیرۆریستی سوری بۆ شەڕی قەرەباغ ڕەوانە كردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share