قوباد تاڵەبانی: لە سایەی ئابێ-دا ژاپۆن چەندین قەیرانی تێپەڕاند

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەربارەی كوژرانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ژاپۆن دەڵێت، لە سایەیدا وڵاتەكەی چەندین كارەسات و قەیرانی تێپەڕاندووە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان نیگەرانی بەرامبەر كوژرانی شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیرانی پێشووی ژاپۆن دەربڕی و ڕایگەیاند، “ئەم ڕووداوە لە دڵەوە نیگەران و خەمباری کردین”.

وتیشی، ئابێ نمونەی سەرکردەی دەستپاک، خۆشەویست، خەمخۆر و دڵسۆز بوو؛ کەسایەتیەکی مێژوویی بوو کە ژاپۆن لە سایەیدا چەندین کارەسات و قەیرانی تێپەڕاندوە و هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەی تەرخان کردبوو.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، “کۆچکردوو چەندین جار چاوی بە سەرۆک مام جەلال کەوتووە و پێکەوە بەگرنگیەوە باسیان لە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و چۆنیەتی دەربازبوون لە گرفتەکان کردووە، بەندەش لە ساڵی 2002 ئەو شەرەفەم پێبڕا کە لە نزیکەوە چاوم پێیبکەوێت”.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دووپاتیشیكردەوە، لەم کاتە دژوارەدا لەگەڵ خێزانەکەی و حکومەت و گەلی ژاپۆن دەبن و نیگەرانیی خۆمان بەگیانلەدەستدانی ئەم سەرکردە مەزنەی ژاپۆن دەردەبڕن کە ڕۆڵێکی گرنگیی لە پێشخستنی وڵاتەکەیدا بینی و بەکۆچکردنیشی جێگەی لەناو شانۆی سیاسیی جیهاندا دیاردەبێت.

بەیانی ئەمڕۆ تەقە لە شینزۆ ئابێ كرا و بەسەختی برینداركرا، دواتریش بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانیلەدەستدا.

بابەتی پێشتر

ناسا قوڵترین وێنەی گەردوون بڵاودەكاتەوە

بابەتی دواتر

منداڵێكی پێنج ساڵان خنكا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share