دانەغاز بۆ پەرەپێدانی کارەکانی لە هەرێم دوو کێڵگەی نەوتی لە میسر دەفرۆشێت

دانەغاز ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر فرۆشتنی دوو کێڵگەی نەوت و گاز لە وڵاتی میسر و دەشڵێت، لە هەرێمی کوردستان پەرە بە وەبەرهێنانەکانیان دەدەن.

کۆمپانیای دانەغاز لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، “ڕەزامەندیمانداوە بە فرۆشتنی دوو کێڵگەی نەوت و گاز لە میسر، بە بڕی 236 ملیۆن دۆلار، کە بڕی 153 ملیۆن دۆلاری بە کاش وەردەگرێت”.

کۆمپانیاکە ڕاشیگەیاندووە، ئامانجیان کۆتاییپێهێنانی سەرجەم فرۆشتنەکانبووە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پرۆسەی فرۆشتنەکە دواخرا.

پاتریک ئەڵمان، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، “فرۆشتنی کێڵگەکانی نەوت و گاز لە میسر لەلایەن کۆمپانیای دانەغازەوە بە ئامانجی فراوانکردنی کارەکانمانە لە هەرێمی کوردستان، چونکە عێراق ناوچەی سەرەکی کارەکانی کۆمپانیاکەمانە”.

سەرۆکی جێبەجێکاری دانەغاز ڕایگەیاندووە، “هەرێمی کوردستان یەدەگێکی گەورەی نەوتی هەیە، کە دەتوانێت پشکی ئێمە بگەیەنێتە زیاتر لە ملیارێک بەرمیل نەوت، ئەو نەوتە خاوە هەروەها بڕێکی بێشومار مادەی هایدرۆکاربۆنی تێدایە کە لە داهاتوودا دەدۆزرێتەوە و پەرەی پێ دەدرێت”.

دانەغاز یەکەم و گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتە کە لە کەرتی گازی سروشتییدا کاردەکات لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ساڵی 2005 لەسەردەستی 300 دامەزرێنەر دامەزراوە و لە ئیمارات، میسر و هەرێمی کوردستان کار دەکات.

کۆی گشتیی پشكیی دانەغاز 65,000 بەرمیل نەوت و گازە لە کارەکانیان لەهەریەکە لە میسر و هەرێمی کوردستان.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن لەناو پۆلدا ڕونکردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

مەزڵوم عەبدی: ماكرۆن ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە پاراستنی بەها مرۆییەكاندا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share