دیبلۆماتکارێکی ئێرانی لەسەر کوشتنی گەنجێک لە تورکیا دەستگیرکرا

ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی ئاشکرایکردووە، دیبلۆماتکارێکی ئێرانی لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە تورکیا کاریکردووە، بە تۆمەتی کوشتنی مەسعود مەولەوی کە گەنجێکی چالاکی ئێرانی بوو دەستگیرکراوە.

ڕۆژنامە تورکییەکە ئەمڕۆ 11 ی شوبات، بڵاویکردووەتەوە، “سەرەتای ئەم هەفتەیە مەحمود ڕەزا ناسرزادە، دیبلۆماتکاری ئێرانی لە کونسوڵخانەی ئێران لە تورکیا لەسەر کوشتنی چالاکێکی وڵاتەکەی لە ساڵی 2019 دا دەستگیرکراوە.

مەحمود ڕەزا ناسرزادە تەمەنی 43 ساڵە و تۆمەتبارکراوە کە پلانیداناوە بۆ کەسێک بەناوی عەلی ئەسفنجانی تا هاوکاری  مەسعود مەولەوی بکات ئێران جێبهێڵێت و ڕوبکاتە تورکیا تا لەو وڵاتە بیکوژن.

مەسعود مەولەوی، لە ساڵی 2019 دا لە ناوچەی شیشلی ئیستەنبول تەقەی لێکرا و دوو فیشەکی بەرکەوت و گیانی لە دەستدا.

بەپێی زانیارییەکان مەسعود مەولەوی کارمەندی پێشوتری وەزارەتی ئیتڵاعات بووە و دوای گەیشتنی بە تورکیا دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ ئاشکراکردنی چەندین بەڵگە لەسەر حکومەتی ئێران.

ئەگەرچی دیبلۆماتە ئێرانییەکە دەڵێت کاتێک مەسعود کوژراوە ئەو لە خاکی تورکیادا نەبووە، بەڵام ڕۆژنامە تورکییەکە ئاماژە بەوەدەکات کاتێک بکوژی مەسعود گەڕاوەتەوە بۆ ئێران دیبلۆماتە ئێرانییەکە لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێکردووە.

ئەم هەواڵە لەدوای ئەوە دێت کە ڕۆژی 4 ی ئەمانگە دوای نزیکەی سێ ساڵ لە ئاشکرابوونی هەوڵی تەقاندنەوەی بۆمبێک لەناو لایەنگرانی موجاهیدینی خەڵقدا، دادگایەکی بەلجیکی سزای زیندانیکردنی بە 20  ساڵ بۆ ئەسوڵا ئەسەدی بڕییەوە کە دیبلۆماتکارێکی ئێران بوو لە ئەوروپا.

ئەسەدوڵا ئەسەدی، وەک دیبلۆماتکارێکی ئێرانی لە ئەوروپا کاریکردووە و دوای ئاشکرابوونی هەوڵدان بۆ تەقینەوەیەک بە هاوکاری سێ کەسی دیکە، لەلایەن دادگای شاری ئانترۆپی بەلجیکییەوە لێکۆڵینەوە لە دژی دەستیپێکرد.

بابەتی پێشتر

ئێستا بۆچوونی پارتە توركمانییەكان سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

كەركوك.. داعش پێنج كارمەندی پۆلیسی كوشت و برینداركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share