ئێستا بۆچوونی پارتە توركمانییەكان سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك ئاشكرادەكات

لەبارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەروەها بەشداریكردنی توركمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەی عێراقدا، لایەنە توركمانییەكان دابەشبوون و بۆچوونی جیاوازیان هەیە.

بەرەی توركمانی كە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكایەتیی دەكات، دژی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوكە و لەگەڵ بەشداریكردنی توركمانەكان بە یەك لیست لە هەڵبژاردندایە، بەڵام لەژێر چەتر و سەرپەرشتیی خۆیدا. بە پێچەوانەی ئەویشەوە، پارتی گەلی توركمانی بە سەرۆكایەتیی عیرفان كەركوكلی، نایەوێت بچێتە ژێر ئەو چەترە و داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش دەكات.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی شوبات لە كەركوك بەڕێوەچوو، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی ڕایگەیاند، “قبوڵناكەین شاری كەركوك بگەڕێتەوە بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017.”

ساڵحی داوای لە سەرجەم پارتە توركمانییەكان كرد بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن و بۆ ئەو مەبەستەش “بێنە ژێر چەتری بەرەی توركمانییەوە”.

وتیشی، “چەكدارانی داعش و پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە، هەوڵی لەناوبردنی بەرەی توركانی دەدەن.”

بۆ وەرگرتنی بۆچوونی لایەنی تری توركمانی سەبارەت بە هەمان بابەت، ئێستا گفتوگۆیەكی لەگەڵ عیرفان كەركوكلی، سەرۆكی “پارتی گەلی توركمانی- عێراق”دا كرد و ناوبراو وتی، “چەندین جار پەیوەندیمان پێوەكراوە بۆ ئەوەی بەشداربین لە دروستكردنی ئەو لیست و بەرەیەدا، بەڵام ئێمە وەك “عێراق توركمەن میلەت پارتسی” ڕازی نابین لایەنێكی توركمانی هەژموونی خۆی بەسەر خەڵكی كەركوك و نەتەوەی توركماندا بسەپێنێت، یاخود لایەنێك لە بەغدادەوە ئەوە بكات و بڕیار لە چارەنووسی توركمان بدات، بۆیە ناچینە ژێر چەترێكەوە كە ویست و خواستی گەلی توركمان بەدینەهێنێت.”

كەركوكلی جەختدەكاتەوە كە “كەس ناتوانێت خۆی بكات بە نوێنەری گەلی توركمان و وای نیشان بدات كە نوێنەرایەتیی هەموو توركمانەكان دەكات.”

ڕاشیگەیاند، “دوای 16ی ئۆكتۆبەر، هێزە میلیشیاوییەكان لە كەركوك باڵادەستن، بۆیە ئەو لایەنانە وەك گرێیەك دەڕواننە دۆخەكە و دەڵێن نابێت شارەكە بگەڕێتەوە پێش 2017.”

لەبارەی بۆچوونی ئەوان سەبارەت بە هەمان پرس، سەرۆكی پارتە توركمانییەكە وتی، “ئێمە پێمانوایە پێویستە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە و هەمووان یەكتریان قبوڵ بێت، چونكە هەندێك لایەن لە كەركوك هەن كە جگە لە بۆچوونی خۆیان، كەسی تریان قبوڵ نییە.”

جیاواز لە سەرۆكی بەرەی توركمانی، عیرفان كەركوكلی بۆچوونێكی تری هەیە لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و دەڵێت، “هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرگریی لە هەموو خەڵك و پێكهاتەكان كرد و قوربانی دا، ئێمە ئەو قوربانیدانە لەبیرناكەین.”

ئەو دەڵێت، “پێمانخۆشە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ كەركوك و دەوروبەری، بۆ ئەوەی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكەدا بەرقەرار ببن و سەقامگیری و پێكەوەژیان بگەڕێنەوە بۆ كەركوك.”

لە درێژەی وتەكانیدا بۆ ئێستا، سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی وتی، “بارودۆخەكە ناكرێت بەو شێوەیە بەردەوام ببێت، هەندێك لایەن لە كەركوك نەك بەگوێرەی خواستی دانیشتووانی شارەكە مامەڵە ناكەن، بەڵكو ئەوان بە پێچەوانەی تەوژمەوە مەلە دەكەن و تەنانەت گوێرایەڵی بەغدادیش نابن.”

ئاشكراشیكرد كە “بەرەی توركمانی نزیكەی چوار هەزار چەكداری هەیە” و وەك كاردانەوەیەكیش بەرانبەر بەوە وتی، “توركمان گەلێكی ئاشتیخواز و بێوەین و حەزیان لە پێكەوەژیانە، دژی چەكداری و پێكدادانن، چەكداریان بۆچییە؟!”

سەرۆكی پارتی گەل، سەرۆكی بەرە-ی تۆمەتباركرد بە هەوڵدان بۆ ترساندنی لایەنەكانی تر و وتی، “ئەرشەد ساڵحی لەڕێگەی كۆكردنەوەی هێز و ناونووسین بۆ چەكداری و دروستكردنی حەشدی توركمانی، هەڕەشە لە لایەنەكانی تری توركمانی دەكات، هەموو كەسێك ئەوەی پێدەكرێت، بەڵام ئێمە وەك پارتی گەلی توركمانی حەز بە ئاشتی و پێكەوەژیان دەكەین و پێمناخۆشە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هاوئاهەنگی بگەڕێتەوە بۆ كەركوك.”

بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی لەو بارەیەوە، ئێستا هەوڵی دا پەیوەندی بە ناوبراوەوە بكات، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

بابەتی پێشتر

لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە پارتی وەڵامی پەکەکە دەداتەوە

بابەتی دواتر

دیبلۆماتکارێکی ئێرانی لەسەر کوشتنی گەنجێک لە تورکیا دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share