ئەرشەد حسێن: قسەكردن لەنێو پەرلەمان پێوەر نییە

لەنێو ڕاپۆرتی ڕێكخراوێكدا ئاماژە بەوەكرابوو، ژمارەیەك پەرلەمانتار لەماوەی خوولی پاییزەدا هیچ قسەیەكیان نەكردووە، یەكێك لەو پەرلەمانتارانە ڕایگەیاند، “قسەكردن لەنێو پەرلەمان پێوەر نییە”.

ڕێكراوی ئینستتیوتی پەی، ڕاپۆرتێكی لەسەر ئەدای پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە، تایدا هاتبوو، “چوار پەرلەمانتار كە سەرجەمیان سەربە فراكسیۆنی پارتی بوون، لە دانیشتنەكانی خوولی پاییزەدا هیچ قسەیەكیان لەنێو هۆڵی پەرلەمان نەكردووە”.

سەبارەت بەوە، یەكێك لەو پەرلەمانتارانە كە ناوی هاتبوو، ئەرشەد حسێن بوو لەسەر لیستی پارتی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەڵێ لە خوولی پاییزە قسەم نەكردووە ڕاستە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە دوو یاسا دەرچووە بۆ نمونە “ماف و ئەركی نەخۆش” ئەوە لە پسپۆڕی من نییە بۆیە قسەم نەكردووە”.

بابەتی دارایی و ئابوری بێت یان ئاسایش و ناوخۆ ئەوا من قسەی خۆمم دەبێت

“لە ڕاستیدا 20 ڕۆژێكیش پەرلەمان دانیشتنی نەبوو، ئەوەش هۆكارە كە موداخەلەمان نەبووە، لە ساڵی 2020دا من چوار سەردانی مەیدانیم هەبووە”، وەك ئەرشەد حسێن وتی.

پەرلەمانتارەكەی پارتی ڕەخنە لە ڕاپۆرتەكەی پەی دەگرێت و دەڵێت، “پێشتر پەی دەستی وەردەدایە كاروباری پەرلەمان، بەڵام كاتێك كە دووریان خستەوە بۆیە بەو كارە هەستاوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “زۆر ئاساییە كە ناوم هاتووە، بەڵام لە پەی كەم دەبێتەوە كە توێژینەوەی لەسەر پەرلەمان نەكردووە و هاتووە ئەو شتانەی بڵاوكردووەتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “بەڕای من قسەكردن پێوەر نییە لەناو پەرلەماندا بەڵكو ویژدان و كاركردن پێوەرە، ئەوە كارەی ئینستتیوتی پەی، دەرخەری كەمزانیاری و بە حزبییانە كاركردنیەتی”.

پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی پارتی ئاشكراشیكرد، “لە یەكەم دانیشتنی ساڵی 2021دا قسەم كردووە و ڕای خۆمم هەبووە”.

ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی لەماوەی خوولی پاییزەدا هیچ قسەیەكیان نەكردووە

لە ماوەی چوار مانگدا 83 پەرلەمانتار “یەك بۆ هەشت جار قسەیان كردووە

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان وەكخۆی دەڵێت، “هەڵسەنگاندنێكی بۆ خوولی پاییزەی ساڵی 2020ی پەرلەمانی كوردستان” كردووە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، كە ئەمڕۆ سێشەممە 12ی كانونی دووەم لە هەولێر ڕێكخرا و پەیامنێری “تۆڕی میدیایی ئێستا” ئامادەیبوو، ئینستتیوتی پەی ڕاپۆرتەكەی خۆی سەبارەت بە كاری پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی ئەو خوولەدا خستەڕوو.

لە یەكێك لە بڕگەكانی ڕاپۆرتەكەیدا، ڕێكخراوەكە ئاشكرایكردووە، “لە خوولی پاییزەدا، چوار پەرلەمانتار هیچ قسەیان نەكردووە، 14 پەرلەمانتار یەكجار قسەیان كردووە، 15 پەرلەمانتار دووجار قسەیان كردووە، 11شیان سێ جار قسەیان كردووە، 11ی دیكەشیان چوار جار قسەیان دەكرد، 15 پەرلەمانتاریش تەنها پێنج جار قسەیان كردووە، چواری تریشیان شەش جار قسەیان كردووە، پێنج پەرلەمانتاریش حەوت جار و هەشتیشیان تەنها هەشت جار قسەیان كردووە، هەروەها 14 پەرلەمانتاری دیكەش 12 جار قسەیان كردووە”.

بابەتی پێشتر

كوبا وەڵامی بڕیارەكەی ئەمریكا دەداتەوە

بابەتی دواتر

سەرۆكایەتییەكانی عێراق جەخت لەسەر هەڵبژاردنی دوور لە ساختەكاری دەكەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
2
Share