ئەمساڵ یادەكانی “كیمیاباران و ئەنفال” چۆن دەكرێنەوە؟

لە یادی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال نزیك دەبینەوە، ڕەنگە ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ئەو یادانە نەكرێنەوە، بەڵام وەزارەتی شەهیدانی هەرێم پلانی جێگرەوەی هەیە.

ساڵی ڕابردوو ئەو دوو یادە كەوتنە كاتی كەرەنتینی گشتی لە هەرێمی كوردستان، ئەمساڵیش بڕیاری ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی یادەكان لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنایە.

یادەكان دەكرێنەوە؟

وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ئاشكرایكرد، بریارە كۆبوونەوە لەنێوان وەزارەتی شەهیدان و لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا بەڕێوەبچێت و بڕیار لەبارەی سازكردن یان نەكردنی یادەكان بدرێت.

سەبارەت بەو پرسە، عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “دوو یادی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانین و پێویستە ساڵانە نەك تەنها وەزارەتی ئێمە، بەڵكو هەمو گەلی كورد بە شانازییەوە یادی شەهیدانی ئەو كارەساتە گەورانە بكاتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئێمە چاوەڕوانی دوا بڕیاری لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنای هەرێمین بۆ ئەو مەبەستە، بڕیاریشە بەمنزیكانە كۆبوونەوە لەنێوان وەزارەتی شەهیدان و لیژنەكە سازبكرێت، ئەگەر بارودۆخ لەبار بێت ئەوا یادێكی شایستە بۆ شەهیدانی كیمیاباران ساز دەكەین”.

لە ئەگەری ڕەزامەندی نەدات بۆ سازكردنی ئەو یادە، عادل مەلا ساڵح وتی، “وەك وەزارەتی شەهیدان، ڕێكاری خۆمان هەیە، یادەكە دەكەینەوە بە سەردانی وەزیر و شاندێكی یاوەری بۆ هەڵەبجە و گەرمیان و دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مۆنۆمێنت و گۆڕی شەهیدان و كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەكانی شەهیدان”.

كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارن: ئەو یادە هەر دەكەینەوە

لای خۆیەوە، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە دانیشتنێكدا لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی هەڵەبجە، پارێزگاری هەڵەبجە پێی ڕاگەیاندین، لەگەڵ وەزیری شەهیدان و لایەنە پەیوەندیدارەكان قسە كراوە، بەهۆی پەتای كۆرۆناوە ناتواندرێت بەڵێنی یادێكی گەورە بدەن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “بەڵام بەڵێنی ئەوەیان پێداوین، مۆنۆمێنتەكە هەندێك چاككردنەوەی ماوە تەواوی بكەن، دەرگاكەشی دەكەنەوە و تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕی شەهیدان دادەندرێت، وتارێكی كۆمەڵەی قوربانیان و وتارێكی ئیدارەی شارەكەش دەخوێندرێتەوە”.

لوقمان قادر ئەوەشی خستەڕوو، “لەوانەیە ئەو بەرنامەش گۆڕانی بەسەردا بێت، بەڵام ئێمە وەك كۆمەڵەی قوربانیان چالاكیی خۆمانمان ڕانەگرتووە، چەند پێشنیارێك هەن لەگەڵ تۆڕی ڕێكخراوەكان كە چالاكییەك بكەین خزمەتكردنێكی قوربانیان بێت”.

لەبارەی چالاكییەكانی كۆمەڵەكەیان لەو ڕۆژەدا، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەكرد، “پێشنیازمان كردووە چەند كەسێكی پسپۆڕ و ئەكادیمی بێنین و وۆركشۆپێك بۆ كەسوكاری قوربانییان و بریندارانی كیمیاباران ساز بكەین، گەر بودجە دابین بكەین ئەنجامی دەدەین”.

“دەشمەوێت جەخت بكەمەوە لەوەی كە، لە 16ی 3دا چالاكیمان دەبێت ئەگەر لە بەردەم بینای كۆمەڵەكەشماندا بێت”، وەك سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە وتی.

یەكێك لەو تاوانانەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەرهەق بە كورد كرا، کۆمەڵکوژیی کیمیابارانی ھەڵەبجە بوو لە 16ی ئازاری 1988، کە شاری ھەڵەبجەی بە گازی کیمیایی کیمیاباران کرد، زیاتر لە 5 هه‌زار ھاوڵاتیی کوردی بێتاوانی شەهید كرد، 10 هه‌زار كەسیش برینداربوون.

ساڵانە لەو ڕۆژەدا لە هەڵەبجە یادی شەهیدانی كیمیابارنی هەڵەبجە دەكرێتەوە، بەڵام ساڵی 2020 بەهۆی كەرەنتین و پەتای كۆرۆناوە ئەو یادە نەكرایەوە، تا ئێستاش ڕوون نییە ئەمساڵ ئەو یادە ساز دەكرێت یان نا.

بابەتی پێشتر

لیژنەی ئەمنی وەڵامی هۆشدارییەک دەداتەوە سەبارەت بە هەڵهاتنی داعشەکان لە زیندانەکانی عێراق

بابەتی دواتر

کونسوڵی تورکیا: پێشتر حکومەتی عێراقمان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هەرێمی کوردستان ئاگادارکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەرگریی شارستانیی گەرمیان: لەکاتی رۆیشتن بۆ سەر رووباری سیروان ئەم رێنماییانە جێبەجێبکەن

بەرگریی شارستانیی گەرمیان چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە، و داوادەکات هاوڵاتییان لەکاتی رۆیشتن بۆ سەر رووباری سیروان جێبەجێیان بکەن. بەڕێوەبەرایەتیی…
Total
0
Share