موقتەدا سەدر پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان نیشاندا و هۆشداریش لە دواخستنی دەدات.
موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی شوبات لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لە شاری نەجەف وتی، دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەبێتە “كارەسات” بۆ عێراق و، داوایكرد جارێكی دیكە دوانەخرێت.
سەدر هۆشداریشیدا لە هەوڵی ساختەكاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكە لەلایەن پارتە ركابەرەكانەوە و وتی، “لەبەر ئەم هۆكارە داوای دەستێوەردانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەم بۆ سەرپەرشتیكردنی”.
دوپاتیشیكردەوە، “چاودێریی نێونەتەوەیی بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە ویستراوە” ئاماژەی بەوەشكرد “بەمەرجێك ئەودوای وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەستێوەردان لە كاروبارەكانماندا نەكەن”.
بڕیارە لە تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت كە بۆ یەكەمجارە بە سیستمی فرەبازنەیی بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردنەكە بەشێكە لە خواستی خۆپیشاندەرانی ئۆكتۆبەری 2019 و پێشتر بڕیاربوو لە مانگی حوزەیراندا بكرێت، بەڵام دواتر بۆ تشرینی یەكەم دواخرا.
س: میدیاكان