جیۆکۆڤیچ نازناوی ڕۆمای کراوەی بەدەستهێنا و مێژووی نوسییەوە

ئەستێرەی ناوداری بواری تێنسی سەرزەوی، نۆڤاک جیۆکۆڤیچ لە یاری کۆتایی پاڵەوانیەتی ڕۆمای کراوە بردنەوەی بەرانبەر دیێگۆ شوارتزمانی ئەرجەنتینی بەدەستهێنا و نازناوەکەی چنییەوە.

شوارتزمان کە پاڵێوراوی هەشتەمە لە پاڵەوانێتییەکە، لە سەرەتاوە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و دووجار سێرڤی جیۆکۆڤیچی شکاند و بە ئەنجامی (3-0) پێشەنگی گرت، بەڵام لەدوای تێپەڕبوونی کات ئەستێرە سڕبییەکە هاوسەنگی وەرگرتەوە و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.

سەرەڕای ئەنجامدانی (18) هەڵەی لەسەریەک، لە کۆتاییەکانی ئەو کۆمەڵەیەدا بە لێدانە بەهێزەکان لە بەشی دواوەی یاریگا نۆڤاک کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کرد و کۆمەڵەی یەکەمی بە ئەنجامی (7-5) یەکلاییکردەوە.

لە کۆمەڵەی دووەمیشدا شوارتزمان گەڕایەوە و دووبارە سێرڤی یەکەمی ڕیزبەندی جیهانی شکاند، بەڵام ئەمجارە نۆلیتۆ بەخێرایی گەڕایەوە و ڕیتمی یارییەکەی بەهێزتر کرد، تاوەکو ئەو کۆمەڵەیەی بە ئەنجامی (6-3) بردەوە.

بردنەوەی نازناوی ماستەرزی ڕۆما بۆ نۆڤاک جیۆکۆڤیچ مێژوو بوو، بەوپێیەی نازناوی ژمارە (36)ی دەکرد لە تەمەنی وەرزشییدا و ئەوەش بەرزترینە لە مێژووی یاریزانانی تێنسی سەرزەوی.

لەدوای دوورخستنەوەی نۆڤاک لە پاڵەوانیەتی ئەمریکای کراوە، گەڕانەوە لە ڕۆما هەنگاوێکی بەهێز و یەکلاکەرەوەبوو بۆ وەڵامدانەوەی ڕەخنەکان، بەوپێیەی لەم وەرزەدا لە کۆی (32) ڕوبەڕوبوونەوە توانیویەتی (31) بردنەوە بەدەستبهێنێت.

بابەتی پێشتر

حزبە ئیسلامییەكانی هەرێم لەبارەی ڕێككەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی چی دەڵێن؟

بابەتی دواتر

وەزیری دەرەوەی عێراق هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ئاشکرا دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share