بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كوەیت پەنا بۆ “سندوقی نەوەكانی داهاتوو” دەبات

كۆرۆنا گرفتەكانی كوەیتی كەڵەكە كردووە

حكومەتی كوەیت بڕی 7.5 ملیار دینار (24.7 ملیار دۆلار) لە سندوقی نەوەكان (سیادی) ڕادەكێشێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەی ئەمساڵی دارایی كە لە 31ی ئازاری داهاتوو كۆتایی دێت.

ڕۆژنامەی قەبەس-ی كوەیتی ئەمڕۆ دووشەممە 8ی شوبات لەسەر زاری سەرچاوەیەك لە حكومەتی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردەوە، ئەو بڕەی لە سندوقەكە دەرهێنراوە، بۆ دەستەبەركردنی دراوی نەختینە بووە بۆ حكومەت.

هەروەك لەكاتێكدایە وڵاتەكە كەوتووەتە ژێر فشاری داراییەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی خاو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەكە لە وەزارەتی دارایی وەریگرتووە، كۆی كورتهێنان لە بودجەی وڵات لەماوەی نۆ مانگی یەكەمی ئەمساڵی دارایی كوەیت-دا گەیشتووەتە 5.4 ملیار دینار (17.8 ملیار دۆلار).

ساڵانە كوەیت 10%ی داهاتەكانی دەبڕێت و دەیگوازێتەوە سەر سندوقی نەوەكانی داهاتوو، كە لەلایەن دەستەی گشتیی وەبەرهێنانەوە سەرپەرشتی دەكرێت و بە سندوقی سەروەری وڵاتی كوەیت دادەنرێت.

بەپێی سەرچاوەكە پشت بەست بەو بڕەی لە سندوقی نەوەكانەوە بۆ سندوقی یەدەگی گشتی گوازراوەتەوە، پارەی پێویست بۆ موچە و پشتیوانییە داراییەكان كە مانگانە بڕەكەی دەگاتە 3.3 ملیار دۆلار تا كۆتایی ئازاری داهاتوو دابینكراوە.

هەفتەی ڕابردوو خەلیفە مساعد حەمادە، وەزیری دارایی كوەیت ڕایگەیاند، دراوی نەختینە لە خەزێنەی دەوڵەتدا لە نەمان نزیكدەبێتەوە، بەڵام لەهەمان كاتدا دوپاتیكردەوە كە سەنتەری دارایی وڵاتەكەی پتەوە.

لەئێستادا كوەیت بە یەكێك لە دژوارترین قەیرانی ئابوریدا تێدەپەڕێت بەهۆی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، كە سەرچاوەی سەرەكی زیاتر لە 90ی داهاتی حكومەتە.

س: ئەنادۆڵو + عەرەبی جدید

بابەتی پێشتر

نەتەوەیەكگرتووەكان: ڕێژەی ژنانی نەخوێندەوار لە جیهاندا 63%یە

بابەتی دواتر

مەسرور بارزانی: چاکسازی بۆ هێنانەدی دادپەروەری و پاراستنی مافی خەڵکی شایستەیە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت 74 دۆلاری تێپەڕاند

نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ پێنجەم ڕۆژی لەسەریەک بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی…
Total
0
Share