بافڵ تاڵەبانی سەرەخۆشی لە نێچیرڤان بارزانی دەكات

بە بۆنەی كۆچی دوایی خاڵیانەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرەخۆشی لە نێچیرڤان بارزانی دەكات و هاوخەمی خۆی بۆ دەردەبڕێت.

لە پرسەنامەیەكدا بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاندووە، “برای بەڕێزمان کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەر و کەسایەتیی دیاری سلێمانی، سەردار ئاغای ئەوڕەحمان ئاغا، خاڵی بەڕێزتان، پرسە و ھاوخەمی قوڵی خۆمان، بە جەنابتان و بنەماڵەی  کوردپەروەر و شۆڕشگێڕی کۆچکردوو ڕادەگەیەنین”.

بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی وتووە، “خوالێخۆشبوو کاک سەردار ئاغا، تێکۆشەر و کەسایەتییەکی دیاری سلێمانی و گەلەکەمانە، کە بەھۆی بەشدارییان لە شۆڕش و خەباتی کوردایەتی، قوربانیی زۆریان دا و ھەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بوون، پێگە کۆمەڵاتییەکەشیان خستبووە خزمەت شۆڕش و خەباتی گەلەکەیان”.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “لەدەستدانی تێکۆشەرێکی وەھا جێگەی نیگەرانیمانە و لە خوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شادبکات و دڵنەوایی و خەمڕەوانی بە هەموولایەک ببەخشێت”.

سەردار ئاغا، برا گەورەی نازدار خانی دایکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی شوبات كۆچی دوایی كرد.
بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share