بە بۆنەی كۆچی دوایی خاڵیانەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرەخۆشی لە نێچیرڤان بارزانی دەكات و هاوخەمی خۆی بۆ دەردەبڕێت.
لە پرسەنامەیەكدا بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاندووە، “برای بەڕێزمان کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەر و کەسایەتیی دیاری سلێمانی، سەردار ئاغای ئەوڕەحمان ئاغا، خاڵی بەڕێزتان، پرسە و ھاوخەمی قوڵی خۆمان، بە جەنابتان و بنەماڵەی کوردپەروەر و شۆڕشگێڕی کۆچکردوو ڕادەگەیەنین”.
بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی وتووە، “خوالێخۆشبوو کاک سەردار ئاغا، تێکۆشەر و کەسایەتییەکی دیاری سلێمانی و گەلەکەمانە، کە بەھۆی بەشدارییان لە شۆڕش و خەباتی کوردایەتی، قوربانیی زۆریان دا و ھەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بوون، پێگە کۆمەڵاتییەکەشیان خستبووە خزمەت شۆڕش و خەباتی گەلەکەیان”.
هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “لەدەستدانی تێکۆشەرێکی وەھا جێگەی نیگەرانیمانە و لە خوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شادبکات و دڵنەوایی و خەمڕەوانی بە هەموولایەک ببەخشێت”.