بۆ سێیەم ڕۆژە.. هەزاران كەس دژی كودەتاكەی میانمار خۆپیشاندان دەكەن

دیمەنێك لە خۆپیشاندانەكان

بۆ سێیەم ڕۆژە لەسەر یەك هەزاران كەس لە شاری رانگۆن-ی گەورە شاری میانمار خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەرامبەر كودەتا سەربازییەكەی وڵاتەكەیان ئەنجامدەدەن، بڕینی هێڵەكانی ئینتەرنێت سەركەوتوو نەبوو لە سەركوتكردنی ناڕەزاییەكان بەرامبەر سوپا.

بەپێی میدیاكان لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی شوباتدا زۆرێك لە خۆپیشاندەران جلوبەرگی سووریان پۆشیوە، ئەوەش ڕەنگی لۆگۆی پارتی كۆبەندی نیشتیمانی لەپێناو دیموكراسییە كە ئۆنگ سان سوكی، سەرۆكی هەڵبژێردراو سەرۆكایەتی دەكات و بەهۆی كودەتاكەوە دەستبەسەركراوە

ئاژانسی فڕانس پرێس لەسەر زاری میو وین (37 ساڵ) كە یەكێكە لە خۆپیشاندەران دەڵێت، “هەنگاودەنێن و درێژە بە داخوازییەكان دەدەین تا دەگەینە دیموكراسیەت، بڕوخێ دیكتاتۆرییەتی سەربازی”.

خۆپیشاندەرانی دیكە لافیتەیەكیان بەرزكردوەتەوە كە لەسەری نوسراوە “دیكتاتۆریەتی سەربازیمان ناوێت”.

دووشەممەی ڕابردوو 1ی شوبات سوپای وڵات كودەتای لە میانمار و دەستگیركردن و دورخستنەوەی سەرانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، لەپاش كودەتاكەش بانگەوازی ئەنجامدانی ناڕەزایی مەدەنییانە بەخێرایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەوە و لە بەرامبەردا سوپای میانمار فەرمانی بە كۆمپانیا پەیوەندییە ناوخۆییەكانی وڵاتەكەیان كرد تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بوەستێنن.

ئێوارەی چوارشەممە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بڵاویكردەوە، هیچ زانیارییەكی نوێی لەبارەی دۆخی ئۆن سان سوكی و دەستگیركراوانی دیكە پێنەگەیشتووە.

پاش كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات سوپای وڵات باری لەناكاوی ڕاگەیاند و مینگ ئۆنگ هلاینگ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەسەڵاتی گرتەدەست و ئێوارەی هەمان ڕۆژیش ئەندامانی حكومەتی نوێی ئاشكراكرد و بەڵێنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیشیدا.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوتی عێراق گەیشتە بەرزترین ئاست

بابەتی دواتر

چۆن بەبێ دەرمان و هەر لەڕێى مێشکى مرۆڤ خۆیەوە چارەسەرى نەخۆشى دەکرێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share