نووسینگەی ڕاگەیاندنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بابەتێکی تەواو نیشتمانییە و دەستی هیچ لایەنێکی دەرەکیی لە پشتەوە نییە، هەروەها تەواوی بڕیارەکان لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق:
کۆماری عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواو، دیموکراسی و فیدراڵییە. شەرعیەتی دامەزراوەکان و دەسەڵاتەکانی لە دەستوور و خواستی گەلەوە سەرچاوە دەگرن. حکومەت بە سەربەخۆیی تەواو و بەپێی یاسا و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی، ئەرک و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی ڕادەپەڕێنێت.
جەخت لەوە دەکەینەوە کە بڕیارەکانی عێراق پرسێکی تەواو نیشتمانین، و ئەو هەنگاوانەشی حکومەت لە چوارچێوەی سنوورە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانی وڵاتدا دەیاننێت، لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەوە هەڵقوڵاون و تەنیا پشت بە دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بەرپرسیارێتییە یاساییەکان دەبەستن. ئەم هەنگاوانە لە ژێر کاریگەریی هاندان، سەپاندن و ڕێنمایی هیچ لایەنێکی دەرەکیدا نین.
حکوومەتی عێراق شەرعیەتی بڕیارەکانی لە هەڵوێست و ئاراستەی وڵاتانی ترەوە وەرناگرێت و چاوەڕێی هاندانی هیچ لایەنێک ناکات تا بەرپرسیارێتییە دەستووری و سەروەرییەکانی جێبەجێ بکات؛ بەڵکو بە گوێرەی بەرژەوەندیی باڵای عێراق، مافی هاووڵاتییەکانی و پێداویستییەکانی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی خۆی هەڵسوکەوت دەکات.
بڕیارمان عێراقییە، ئیرادەمان نیشتمانییە، دەستوور و یاسا مەرجەعمانن، و بەرژەوەندیی باڵای عێراقیش ئەو پێوەرەیە کە ئاراستەی هەڵوێست و کردارەکانمان دیاری دەکات.