ئێستا بڕگە پەسەندكراوەكانی پرۆژەیاسای بودجە ئاشكرادەكات

پارە ژماردن لە نوسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ هەینی 5ی شوبات كۆبووەوە و 39 بڕگەی لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی دارایی 2021 پەسەندكرد.

ئەو 39 بڕگەیە بەشێكیان هەڵوەشاندنەوەی بڕگە و بڕیاری پێشووی حكومەتن، ژمارەیەكیشیان هەمواركراونەتەوە و گۆڕانكاریی ڕیشەییان بەسەردا هێنراوە، دوای ئەو گۆڕانكارییانەش، لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر هەموو ئەو بڕگانەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 دا.

دوای كۆبوونەوەی لیژنەكە، هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئەو 39 بڕگەیەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی ئاشكراكرد كە دەنگیان لەسەر دراوە.

تۆڕی میدیایی ئێستا، گرنگترین ئەو بڕگانە دەخاتەڕوو:-

  • هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی بڕینی موچەی فەرمانبەران و خانەنیشینان.
  • كەمكردنەوەی بودجەی سێ سەرۆكایەتییەكە بە ڕێژەی 20%
  • كەمكردنەوەی كۆی كورتهێنانی بودجەی وڵات لە 47٪ەوە بۆ 19٪، واتە لە 76 ترلیۆن دینارەوە بۆ 25 ترلیۆن دینار.
  • كەمكردنەوەی ڕێژەی قەرزكردن بۆ 51 ترلیۆن دینار.
  • دابینكردنی شایستەی دارایی وانەبێژان، فەرمانبەرانی گرێبەست و كڕێی ڕۆژانە.
  • كاراكردنەوەی بنەمای وەرگرتنی باج بەشێوەیەكی زانستی و تاووتوێكراو.
  • زیادكردنی بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاكان لە 2 ترلیۆن دینارەوە بۆ 4 ترلیۆن دینار.
  • زیادكردنی بڕی پترۆدۆلار بۆ پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت و گاز لە 500 ملیار دینارەوە بۆ ترلیۆنێک دینار.
  • تەرخانكردنی هەموو ئەو پارانەی بۆ پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت و گاز تەرخاندەكرین بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەو پارێزگایانە.
  • زیادكردنی بودجەی پڕچەككردنی سوپای عێراق و دەزگا هەواڵگرییەكان بەمەبەستی پێشخستنی توانای جەنگی و زانیارییان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
  • زیادكردنی بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی، بەجۆرێك كە بڕی یەك تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیاتربێت بەراورد بە ساڵی 2020 بۆ ئەوەی ژمارەی خێزانە سوودمەندبووەكان زیادبكرێن و بڕی پارەكەش بۆ هەر خێزانێك زیاتر بكرێت.
  • زیادكردنی دەرماڵەی وەزارەتی پەروەردە بۆئەوەی بتوانێت پەرتووك چاپبكات و پێداویستییەكانی خوێندكاران دابینبكات.
  • تەرخانكردنی پارە بۆ زیادكردنی بەرهەمی كارگە گەورەكانی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی.
  • تەرخانكردنی پارە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی لە كەرتی تایبەتدا بەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلار زیانیان بەركەوتووە، لە پێناو بەردەوامیدان بە پرۆژەكان لەسەر داوای وەزارەتی پلاندانان و بەشی چاودێری لە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ.
  • تەرخانكردنی پارە بۆ دانەوەی شایستە داراییەكانی جوتیاران و هاوكاریكردنیان بە بڕی 200 ملیار دینار بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی كشتوكاڵ و پەیین و تۆو، هەروەها ڕێگە بە جوتیاران بدرێت پێداویستییەكانیان لە دەرەوەی وڵات هاوردە بكەن و لەگەڵ ئەوەشدا بردنەدەرەوەی بەروبوومی خۆماڵی كە لە ناوخۆدا پێویست بێت، قەدەغە بكرێت.
  • پشتیوانیكردنی سیستمی لامەركەزیی پارێزگاكان و پێدانی دەسەڵات بە پارێزگارەكان بۆ دەركردنی بڕیار دوور لە ڕۆتین یان ئاڵۆزكردنی پرۆسەكە لەلایەن وەزارەتەكانەوە.
  • پشتگیریكردن و بەشداریپێكردنی كەرتی تایبەتی عێراق كە زیاتر لە 5 ملیۆن هاوڵاتی كاری تێدا دەكەن لەپێناو بنیادنانی پرۆژەكانی وەبەرهێنان و چالاككردنی بازاڕی ناوخۆدا.
  • وەزارەتەكان پابەندبكرێن بە كڕینی بەرهەمی خۆماڵی و قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هەر شمەك و كاڵایەك كە لە ناوخۆدا بەرهەمبهێندرێت و بەشی خۆژێنی بكات.
  • پشتگیریكردنی دەستەی حەشدی شەعبی بە كەرەستەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان و پاراستنی تاكەكانیان لە شەڕی دژ بە تیرۆردا.
  • هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران كە تایبەتە بە قەدەغەكردنی هێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی زیانێكی كەمیان بەركەوتووە، ئەوەش لەپێناو بووژاندنەوەی ناوچەكانی پیشەسازی لە عێراقدا (كاری تەنەكچێتی و بۆیاغ و هی تر) كە هەزاران هەلی كار دابین دەكەن.
  • هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕگانەی رێگە بە فرۆشتنی خانوبەرەی دەوڵەت دەدەن، مەبەست لەوەش پاراستنی پرۆسەكەیە لە گەندەڵی.
  • تەرخانكردنی پارە بۆ دروستكردنی فڕۆكەخانەی نەینەوا و فڕۆكەخانەی زیقار و بەندەری گەورەی فاو، هەروەها پرۆژەی بەدعە كە ئاوی خورادنەوە بۆ بەسڕە دابین دەكات.
  • تەرخانكردنی پارە بۆ پێشخستن و تەواوكردنی پاڵاوتگەكانی شعێبە و ناسریە و كەربەلا و بێجی بۆ ئەوەی هاوردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكان كە تریلیۆنان دیناریان تێدەچێت، ڕابگیرێت.
  • دەسەڵات بە وەزارەتی تەندروستی بدرێت بۆ هێنانی كۆمپانیای گەورە و پسپۆڕ لە بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەكاندا، لەگەڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشكی بە بێبەرانبەر.
  • زیادكردنی بڕی 339 ملیار دینار بۆ كڕینی دەرمان و زیادكردنی تواناكانی كڕینی دەرمان و دابینكردنیان بۆ هاوڵاتییان.
  • زامنكردنی ڕادەستكردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بە حكومەتی فیدراڵی.
  • زیادكردنی ئەو پارانەی بۆ قوربانییانی تیرۆر تەرخانكراون.
  • بڕی 199 ملیۆن دۆلار تەرخانبكرێت بۆ دروستكردنی 1000 خوێندنگەی نوێ لە هەموو پارێزگاكاندا.
  • تەرخانكردنی پارە بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە هەر پارێزگایەكدا.
  • ڕاگرتنی خەرجكردنی پارە بۆ كۆنگرەكان و ڕاگرتنی دەرماڵە و خەرجیی میوانداریی هەموو وەزارەتەكان.
  • پابەندكردنی ئەنجومەنی وەزیران بە كاركردن بە سیستمی بایۆمەتری بۆ فەرمانبەران، بۆئەوەی بندیوارەكانی هەموو وەزارەت و دامەزراوەكان ئاشكراببن.
بابەتی پێشتر

خۆپیشاندان دەستیپێكردەوە

بابەتی دواتر

فراكسیۆنەكەی سەدر: كوردستان دەبێتەهۆی دواكەوتنی بودجە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی دۆلار بەرزبووەوە

نرخی دراوە جیهانییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە 29 تشرینی دووەم، لە بازارەكانی هەرێم بڵاوکرایەوە و بەپێی ئەو نرخانەش دۆلاری ئەمریکی…
Total
0
Share