لەتیف نێروەیی: کاک بافڵ لە ڕێگەی پەیامەکەیەوە بە هەمووانی ڕاگەیاند کە سەقامگیریی وڵات لە پێش بەرژەوەندیی حزبییەوەیە

لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وتارێکی بە ناونیشانی (سەرۆکی یەکێتی و هەڵوێستێکی نیشتمانی) لەبارەی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە بڵاوکردەوە و ئەمەی خوارەوە درێژەی وتارەکەی لەتیف نێروەییە: دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەلایەن بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیران، نووسەران، میدیاکاران، دەستەبژێری سیاسیی بێلایەن و سەربەخۆوە پشتگیرییەکی زۆری لێکرا، هەروەک لە ڕێگەی میدیای نوێوە، ڕایەکی گشتی ئەرێنی، فراوان و سەرتاسەری هاتەکایەوە و بە هەڵوێستێکی نیشتمانییانە، بەرپرسیارانە، ئازایانە و مێژوویی هەڵسەنگێنرا، بەڵام پرسیار ئەوەیە، کە بۆچی ئەوەی کە کەمترین قسەی لەسەر ئەو پەیامە کردبێت، کادر، دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیری یەکێتی بوو؟

هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی خۆی پێی باش نییە شیکردنەوە و ڕاڤەکردن بۆ پەیامەکانی بکرێت و قسەی زیاتری لەسەر بکەن، چونکە پەیامەکانی زۆر بە ڕوونی بڵاودەکرێنەوە و پێویستی بە دووبارە ڕوونکردنەوە و ڕاڤەکردن نییە، بەڵام کاتێک ئەو هەموو پەیام و هەڵسەنگاندن و پشتگیرییە فراوانانە دەبینین، کە لەسەر ئاستی دەرەوەی یەکێتی لە پەیامەکە کرا، بە باشمزانی بە کورتی لەسەر پەیامەکە بدوێم و بە شێوەی خاڵ دیدگای خۆم بخەمەڕوو:

ـ لە زۆر وێستگە و قۆناغی دژواردا سەرکردەی سیاسی لە کەشتیوانی دەریا دەچێت، کاتێ باهۆز و گەردەلوولێکی بەهێز ڕێرەوی شەپۆلەکانی دەریا پێچەوانە دەکات و مەترسیی نوقمبوونی کەشتییەکە دروستدەکات، ئەوکاتە هەموو کەشتیوانێک پێویستیی بە بڕیارێکی سەخت و بوێرانە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێرەوی کەشتییەکە، بەڵام لەو کاتەدا هەموو کەشتیوانێک ناتوانێت ئەو جۆرە بڕیارانە بدات، بەوەش کەشتیوانی لێهاتوو لە کەشتیوانەکانی دیکە جیادەکرێتەوە.

لە جیهانی سیاسەتیشدا دەقاودەق بەهەمان شێوەیە، کاتێ کارەساتێک، جەنگێک، قەیرانێک، ڕووداوێکی مەترسیدار ڕوودەکاتە وڵاتێک، لەوکاتەدا سەرکردەی ڕاستەقینە دەردەکەوێت، کە بتوانێت بڕیارێکی سەخت بدات و هەوڵی دوورخستنەوەی مەترسییەکان بدات لەسەر گەل و نیشتمانەکەی خۆی بەبێ ئەوەی بیر لە مەترسییەکانی ئەو بڕیارە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی خۆی بکاتەوە و پێشەنگی هەڵدەبژێرێت، ئەگەر ئەنجامەکەی هەرچییەکیش بێت، بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرێت، ئەمەش خەسڵەتی سەرکردەی ڕاستەقینەیە، کە لە قۆناغە دژوارەکاندا لە سەرکردەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە یان جیادەبنەوە،
بەمشێوەیە کاتێک سەروەری، ئاسایشی نەتەوە و نیشتمانەکەمان کەوتە بەر مەترسییەوە، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی زۆر ڕاشکاوانەی بڵاوکردەوە، کە بەشێکی بۆ دەرەوە و بەشی دووەمیش بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوو، بەشێک نەرم، بەشەکەی دیکە توند، بەشێک دیپلۆماسی و بەشێکی دیکە نیگەرانی، بەشێک خستنەڕووی مەترسییەکان، بەشی دووەمیش چارەسەر.

پەیامەکە زۆر ڕاشکاوانە بە ڕای گشتیی کوردستانی، هەرێمی، جیهانی دەڵێت:
ـ ڕاستە ئێمە هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە بێلایەنیی خۆمان ڕاگەیاندووە و نامانەوێت ببینە بەشێک لە شەڕەکە و باشترین بژاردە ئەنجامدانی دانوستان و چارەسەرکردنی کێشەکانە بە ئاشتی.
ـ هیچ لایەنێک بە شەڕ سەرکەوتوو نابێت و هەموو لایەنەکان بە ئاشتی بەرژەوەندیەکانیان پارێزراو دەبێت.
ـ هەموو هەوڵێکمان بۆ دوورخستنەوەی شەڕەکەیە لە ناو ماڵی خۆمان، بەڵام کاتێک ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە، ئەو کاتە ناتوانین بێدەنگ بین و هەڵوێستی جددیمان نەبێت.
ـ ڕاستە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کێشە و ناکۆکیمان زۆرە، بەڵام کاتێک هەوڵێک بۆ نوقمکردنی کەشتییەکەمان هەبێت، ئەوکاتە چاو لە ناکۆکییەکان دەپۆشین، هەموومان بە یەکەوە هەوڵی پاراستنی کەشتییەکە دەدەین لە نوقمبوون، چونکە لە کاتی نوقمبوون تەنها کەسێک یان لایەنێکی سیاسی تووشی خنکان و زیان نابێت، بەڵکو هەموومان و گەلەکەمان بە یەکەوە دەخنکێن، بۆیە دەبینە کەشتیوانێکی ئازا و بڕیاردەدەین کە شەپۆلەکانی دەریای مەترسی ببڕین و بگەینە کەنارێکی ئازا .
ـ ڕاستە ناکۆکیمان هەیە، بەڵام وڵاتەکەمان یەک وڵاتە، گەلەکەمان یەک گەلە، هەرێمەکەمان یەک چارەنووسی هەیە، لە هەر شوێنێکی وڵاتەکەمان سەقامگیریی تێکبدرێت بۆ ئێمە وەک یەکەیە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ناکەین و ئەرکی هەموومانە بە یەکەوە هەرێمەکەمان بپارێزین.
ـ ڕاستە لە ناوخۆ ناکۆکی هەیە، بەڵام کاتێک ئاسایشی نیشتمانیمان بکەوێتە مەترسییەوە، ئەو کاتە پێویستە ناکۆکییەکان وەلاوە بنێین و بە یەکگرتوویی، یەک هەڵوێستی، یەک خیتابی، ڕێگری لەو مەترسییانە بکەین و ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە و دەرفەتەکان لە ناو ئاڵنگارییەکاندا بدۆزینەوە.
ـ ڕاستە سنووری سلێمانی بۆردومانکرا، بەڵام تەنیا ناوی سلێمانی ناهێنین، بەڵکو نیگەرانیی خۆمان بۆ بۆردومانکردنی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین.
ـ کاک بافڵ لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە بە هەموو لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕاگەیاند، لەم قۆناغە سەخت و دژوارەدا چاومان لە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی نییە، بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی، سەروەریی وڵات، سەقامگیریی گەلەکەمان، لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەوەیە و لەو پێناوەدا ئامادەم بڕیاری سەخت و دژوار بدەم.

بەم هەڵوێستە نیشتمانییە، سەرۆکی یەکێتی، مێژوویەکی پرشنگداری بۆ خۆی و حزبەکەی تۆمارکرد، پشتیوانییەکی بەهێز و فراوانی نوخبەی سیاسی، ڕۆشنبیر و میدیاییشی بەدەستهێنا و سەلماندی کە لەسەر ڕێبازەکەی سەرۆک مام جەلال بەردەوامە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق لیستی یاریزانە بانگهێتكراوەكانی بڵاوكردەوە

راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق لیستی یاریزانە بانگهێشكراوەكانی بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەكەی راگەیاند. خیسوس كاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانیی…
Total
0
Share